مافی مرۆڤ زەنگی مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراکی عێراق لێدەدات

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق هۆشداریی دەدات لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی نیشتمانیی خۆراک لە وڵاتدا و داواش لە حکومەت دەکات ڕێکاری پێویست بۆ گێڕانەوەی هاوسەنگی بۆ چین و توێژەکانی کۆمەڵگا بگێڕێتەوە کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانییدا ئەنەس ئەکرەم محەمەد، ئەندامی کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق ڕایگەیاند، “بەشێک لە چین و توێژەکانی کۆمەڵگای عێراقی تووشی زیانی گەورە بوون بەهۆی دابەزینی نرخی دراوی نیشتمانی و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا خۆراکییەکان بەجۆرێک نرخی خۆراک بەڕێژەی %14 بەرزبووەتەوە”.

ئاماژەی بەوەشکردەوە، “ئەم گۆڕانکارییانە هەڕەشەیەکی مەترسیدارە بۆسەر ئاسایشی نیشتمانی خۆراک و بووەتەهۆی هەژارییەکی ئاشکرا لە عێراقدا، دوادەکەین حکومەت و وەزارەتی بازرگانی دەستێوەردان بکەن بۆ دانانی سنورێک بۆ ئەو کاریگەرییە نەرێنییانە”.

کۆمسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ جەختیکردەوە لە مامەڵەکردن لەگەڵ ڕاپۆرتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی (WFP)ی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێوەیەکی جیدیی و پیشەییانە کە ئاماژە بۆ کەموکوڕی لە ڕێکارەکانی حکومەتی عێراق دەکات و دەڵیت کە پێشتر بەدواداچوونی بۆ بەرزکردنەوەی نرخی دۆلار نەکراوە و کاریگەریی کردووەتە سەر بازاڕ و ئاستی بژێوی خەڵک ئاسایشی خۆراک لە عێراقدا.

بەپێی پشتبەستن بە ئامارە ڕاگەیەنراوەکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن ڕێژەی هەژاری لە عێراقدا بەربەستی %31ی تێپەڕاندووە و ئەمەش لە ئەنجامی زیادبوونی بەردەوامی قەیرانە داراییەکان، هەروەها سەقامگیریی ئابوریی عێراق و ئاسایشی خۆراکیی ئەو وڵاتە لە دۆخێکی خراپدایە.

هەروەها ئەو ئەندامەی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ داواش لە حکومەت و دامودەزگاکانی جێبەجێکردن دەکات پێداچوونەوە بۆ بڕیارە ئابورییەکان و سیاسەتی دارایی بکات، پاڵپشتی هاوڵاتییان بەگشتیی و توێژی زەرەرمەند بەتایبەتی بکات کە بەهۆی ئەو دۆخە ئابوری و تەندروستییەی ڕوبەڕوویان بووەتەوە لە نەهامەتییدان.

لەلایەکی دیکەوە عەبدولزەهرە هینداوی، وەزیری پلاندانانی عێراق ڕایگەیاند کە ئامارەکانی هەژاری لە عێراق نوێ نین تەنها ئەوەی نوێیە ئاماری هەژاری بەرزبووەتەوە و لەساڵی 2018دا ڕێژەی هەژاری لە عێراق %20 بووە.

بابەتی پێشتر

شێخی قەتەر بۆندێکی گەورەی بۆ یونایتد ئامادەکردووە

بابەتی دواتر

هاتوچۆی هەولێر لەبارەی ئۆتۆمبیلە بێ سەرەتاکانەوە ئاگاداری شۆفێران دەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share