سەركردەیەكی چێوەی هەماهەنگی، مستەفا كازمی بە ساختەكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان تۆمەتباردەكات و دەڵێت، لە ڕێگەی هاككەری دەزگای هەواڵگرییەوە ئەنجامی هەڵبژاردنی ساختەكردووە.
محەمەد سەهیود یەكێكە لە سەركردەكانی چێوەی هەماهەنگی، ئەمڕۆ یەكشەممە لێدوانی لەبارەی پرۆسەی سیاسی و دابەشبوونی باڵانسی هێز لە دوای هەڵبژاردنە پەرلەمانییە پێشوەختەكەی عێراقەوە داوە و وتوویەتی، “مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران، بە چوار هاككەری سەر بە دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەنجامی هەڵبژاردنەكەی ساختەكردووە.
بەپێی وتەی سەهیود، ئەو هاككەرانە سێرڤەری ئامێرەكانی دەنگدانیان بۆ ماوەی هەشت خوولەك و 35 چركە هاككردووە و لەو ماوەیەدا دەستكاریی ژمارەی كورسییەكانی لایەنەكانیان كردووە.
“ئامانج لە هاككردنەكە، گەیاندنی دۆخی دوای هەڵبژاردن بە ململانێ و بنبەست بووە بۆ ئەوەی كازمی ماوەیەكی زیاتر لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە”، وەك ئەو سەركردەیەی چێوەی هەماهەنگی وتی و جەختیكردەوە، “وڵاتێكی ئەوروپی بە هاوكاریی وڵاتانی هەرێمی، پێش هەڵبژاردنەكە ئامادەكارییان بۆ ساختەكردنی ئەنجامەكانی كردووە”.