17 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر لە قەزای خورماتوو جێبەجێدەكرێن، پەرلەمانتارێكیش وردەكاریی پڕۆژەكان و هەوڵەكانیان لە پێناوی جێبەجێكردنیاندا بۆ ئێستا دەخاتەڕوو.
مەلا كەریم شكور ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەران ڕایگەیاند، بەدواداچوونیان بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەكانی خورماتوو كردووە و بۆ ئەو مەبەستە سەردانی پارێزگای سەڵاحەدینیان كردووە، لەگەڵ پارێزگار و ئەبو مازن نوێنەری پارێزگاكە لە ئەنجومەنی نوێنەران كۆبوونەتەوە و داوایانكردووە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی قەزای خورماتوو جێبەجێ و تەواوبكرێن.
ئاشكرایكرد، لە ئێستادا 17 پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە خورماتوو جێبەجێدەكرێن، بریتین لە دروستكردن و قیركردنی شەقامە سەرەكییەكان و دروستكردنی شۆستە و دابینكردنی بگۆڕی كارەبا بۆ چەند گەڕەكێكی قەزاكە، لەگەڵ چاككردنی ڕێگای خورماتوو – نەوجول كە ناوچە دابڕاوەكان و شارەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە دەبەستێتەوە و زیاتر لە سێ ملیار دیناری لە بودجەی سندوقی ئاوەدانكردنەوە بۆ تەرخانكراوە و بەمنزیكانە دەستدەكرێت بە جێبەجێكردنی پڕۆژەكە.
بەشێك لەو پڕۆژانە ماوەیەكی زۆرە بڕیاری جێبەجێكردنیان دراوە، بەڵام نەخرابوونە بواری جێبەجێكردنەوە وەك مەلا كەریم شكور وتی و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، دروستكردنی نەخۆشخانەی 100 قەرەوێڵەیی لە خورماتوو دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە و دوو هۆڵی بۆنەكان و دوو یاریگا لە قەزاكە بنیاددەنرێن.