عێراق فشاری بۆ سەر هەرێم زیادكردووە
هەوڵەكانی نووسینەوەی دەستوور بە كوێ گەیشتوون؟

هەوڵەكانی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان بە كوێ گەیشتوون و تا كەی پرۆسەكە لە خوولێكی پەرلەمانەوە هەناردەی خوولی دواتر دەكرێت؟. فشارەكانی سەر هەرێمی كوردستان تایبەت بە پرسی دەستوور چین و دوایین بڕیاری پەرلەمان و لایەنە سیاسییەكان لەو بارەیەوە چین؟، ئایا لایەنەكان جارێكی دیكە پرۆسەی لەدایكبوونی دەستوور بە زەبری ململانێكانیان لەباردەبەن؟، یاخود فشار و پێویستییەكان ناچاریاندەكەن ئەركەكە تا كۆتاییەكەی ڕابپەڕێنن؟.

لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان، لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەماندا كۆبووەوە، تەوەرێكی سەرەكییش پرسی دەستوور و نووسینەوەی بوو.

لەبارەی ڕاسپاردە و بڕیاری كۆبوونەوەكەوە، عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دوا و ئاشكرایكرد، لە كۆبوونەوەی دوو ڕۆژی ڕابردووی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كوردستان لەگەڵ سەرۆكی فراكسیۆنەكاندا، بڕیاردراوە ئەندامانی فراكسیۆنەكان لە لیژنەی یاسایی پەرلەمان و ئەندامێكی دیكەی هەر یەكێك لەو فراكسیۆنانەی ئەندامیان لە لیژنەی یاساییدا نییە، “پێشنیازەیاسا”یەك ئامادەبكەن بۆ یەكلاكردنەوەی ئەوەی كە نووسینەوەی دەستوور لە كوێوە دەستپێبكاتەوە؟ لە سەرەتاوە بنووسرێتەوە یاخود بگەڕێنەوە بۆ ئەو لیژنەیەی پێشتر پێكهێنراوە و زیاتر لە 70 ماددەی دەستوورەكەیان نووسیوەتەوە؟.

وتیشی، لە هەفتەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەك دەكرێت بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە و ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەكرێت.

“چیتر لایەنەكان دەستوور نەكەنە قوربانیی ململانێكانیان”

جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی كوردستان كە لە فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، بە نیگەرانییەوە باسی لە دواكەوتنی پرۆسەی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی كوردستان كرد و وتی، “چوارەم جارە هەوڵی نووسینەوەی دەستوور دەدرێت، بەڵام هەموو جارێك پرسی دەستوور دەخرێتەوە كۆتایی خوولەكانی پەرلەمانەوە، هیوادارم ئەمە نەكرێتە سەردێڕی كۆتایی هەموو خوولێك و دوای 30 ساڵ لە حوكمڕانیی هەرێمی كوردستان، چیتر لایەنەكان دەستوور نەكەنە قوربانیی ململانێكانیان و نیازێكی ڕاستەقینەیان هەبێت بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان ببێتە خاوەنی دەستووری خۆی”.

گوڵستان سەعید سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان كە یەكێك بووە لە بەشداربووانی كۆبوونەوەكەی دەستەی سەرۆكایەتی و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان، بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا قسەیكرد و وتی، “ئەو لیژنەیەی پێشتر دەستووری نووسیوەتەوە، دەبێت دەست بە كارەكانی بكاتەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی یاسایی لە پەرلەمان و ئەندامانی ئەو فراكسیۆنانەی لە لیژنەكەدا ئەندامیان نییە، پێشنیازێكی یاسایی ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی پرسی نووسینەوەی دەستوور بخرێتە بەرنامەی كاری خوولی پاییزەی پەرلەمانەوە”.

ئاشكرایكرد، ئامانج لە “پێشنیازەیاسا”كە، ئەوەیە كە مامەڵەیەكی یاسایی لەگەڵ لیژنەی نووسینەوەی دەستووردا بكرێت و دەستبكەنەوە بە تەواوكردنی ئەو ماددانەی دەستوور كە نەنووسراونەتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت، “دوو جار لە لایەن عێراقەوە سكاڵا لەسەر هەرێمی كوردستان تۆماركراوە بەهۆی ئەوەی تا ئێستا دەستووری نییە، چونكە بەپێی دەستووری عێراق پێویستە هەرێمی كوردستان دەستووری خۆی هەبێت و ئەمەش فشاری لەسەر هەرێم دروستكردووە”.

جەختیكردەوە كە پێویستە پەلەبكرێت لە نووسینەوەی دەستوور و هەموو لایەنەكان بەرپرسیارێتییەكەی هەڵبگرن و پێشبینیكرد، “دۆخێك لە عێراق بێتەپێشەوە كە هەرێمی كوردستان چانسی بوونی بە خاوەنی دەستوور لەدەستبدات”.

بابەتی پێشتر

28 بەنزینخانە بەهۆی فرۆشتنی بەنزینى خراپ و دەستکاریکردنى كوالێتییەوە سزادران

بابەتی دواتر

بە هۆكاری مرۆیی حكومەت پلەی جێگری ئەفسەرێك بەرزدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

لە قەڵادزێ کەسێک کوژرا

پۆلیسی راپەڕین ئاشکرایکرد، کەسێک لە قەڵادزێ بە پێنج گوللـە کوژراوە و کەسوکارەکەی دەڵێن، کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نییە.…
Total
0
Share