لە ژێر ڕێنمایی بڕیارەكەی دەسەڵاتی دادوەریی عێراق-دا كە كاری دادگاكان و دادگای فیدراڵیی ڕاگرت، ئەمڕۆ دادگای کەرکوک كارەكانی ڕاگرت و فەرمانبەرەكانی ناردەوە.
موسا كازم پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە كەركوك ڕایگەیاند، كەمێك لەمەوبەر دادگای کەرکوک كارەكانی ڕاگرت، فەرمانبەرەكانی ناردەوە بۆ ماڵەكانیان و بیناکەی چۆڵکرد.
هەڵوێستەكەی دادگای كەركوك، جێبەجێكردنی بڕیارێكی ئەمڕۆی دەسەڵاتی دادوەریی عێراقە، كە كاری دادگاكان و دادگای فیدراڵیی ڕاگرت و هۆكارەكەش هەڕەشە و خۆپیشاندانی لایەنگرانی سەدرە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی دەسەڵاتی داوەریی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنەكە لەگەڵ دادگای فیدراڵیدا، كە بە شێوەی ئەلیكترۆنی ئەنجامدراوە، بڕیاریانداوە كارەكانی دادگاكانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری و دادگای فیدراڵی ڕابگرن.
ڕاگەیەندراوەكە دەڵێت، “بەهۆی ئەو ڕەفتارە نا دەستووری و نا یاساییانەوە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتییەكەی لە ئەستۆی حكومەتە و پێویستە ڕایانبگرێت”.