كاربەدەستێكی حكومیی پەیوەندیدار بە تاپۆكردنی خانووە بێتاپۆكانی هەرێمی كوردستان، كارئاسانیكردنی زیاتر بۆ ئەو هاوڵاتییانەی خانووی بێتاپۆیان هەیە بۆ “ئێستا” ئاشكرادەكات.
دوای ئەوەی لە ڕۆژانی ڕابردوودا باس لەوە دەكرا كە مامەڵەی تاپۆكردنی خانووی بێتاپۆ، پێویستی بە گرێبەستی نووسینگەكانی خانووبەرە و پشتگیریی گوند و ئەنجومەنی گەڕەك و گوندەكانی پێویستە، عوسمان شارباژێڕی بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ ئەو دەنگۆیانەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەنجومەنی گوند و گەڕەك و نوێنەرانی خاوەنی خانووە بێتاپۆكانی سنووری پارێزگای سلێمانی-دا كۆبووەتەوە و چەند ئاسانكارییەكی بۆ خاوەن خانووەكان پێڕاگەیاندوون.
هاوڵاتی خۆی نەیەت
شارباژێڕی لە لێدوانێكدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا وتی، “تاپۆكردنی خانووی زیادەڕۆ و بێتاپۆ لە گشت ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها پشتگیریی ئەنجومەن و عەریزەی تاپۆكردنی پێویستە و تەنانەت كۆپییان لە عەریزەكە داوە بە ئەنجومەنەكان، بۆ ئەوەی هاوڵاتییان ئەركی كۆپیكردنەكەشیان لەسەر نەمێنێت”.
لە درێژەی لێدوانەكەیدا، بەڕێوەبەری ناحیەی بەكرەجۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، “كارئاسانییەكی دیكەیان بۆ خاوەنی خانووەكان كردووە، بە جۆرێك كە پێویست ناكات هاوڵاتی خۆی سەردان بكات بە مەبەستی پێشكەشكردنی مامەڵەی تاپۆكردنی خانووەكەی، بەڵكو بە ئەنجومەنی گوند و گەڕەكەكانیان ڕاگەیاندووە، هەر جارێك مامەڵەی 100 خانوو ببەن بۆ بەشی یاسایی پارێزگا بۆ ئەوەی ڕێكارەكانی تاپۆكردنیان بگیرێنەبەر”.