سەرۆکی ڕێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە، پەیامێك لەبارەی پیسبوونی ژینگەوە ئاراستەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات و دەڵێت، “ئایا وەکو سەرۆکی حکومەت هەستی بەو مەترسییە کردووە؟”.
مەعروف مەجید، سەرۆکی ڕێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە، پەیامێكی سەبارەت بە چەند مەترسییەكی سەر ژینگەی كوردستان بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی، “سفرەی سەفەری دوژمنە سەرسەختەکەی ژینگە”.
سەرۆکی ڕێکخراوەكە دەڵێت، “لەم ڕۆژانەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوە کرد کاتێك بە فڕۆکە بەسەر ئاسمانی هەرێمدا تێپەڕیوە، هەستیکردووە کە ڕێژەی سەوزایی زۆر کەمە. منیش لێرەوە دەمەوێت بە کورتی باسی مەترسییەکی تری ژینگەی بۆ بکەم، کە ئایا وەکو سەرۆکی حکومەت هەستی بەو مەترسییە کردووە؟، ئایا دەزانێت ڕۆژانە لەم کوردستانە بە هەزاران تۆن پاشماوەی پلاستیکی و نایلۆن دەخرێنە ناو ژینگە و سروشتەوە؟!”.
لە درێژەی پەیامەكەیدا مەعروف مەجید ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە تەنها لە لایەن خێزانەکانەوە بە درێژایی 2300 کیلۆمەتر سفرە فڕێدەدرێتە ناو سروشتەوە، جگە لە چێشتخانە و فەرمانگە حکومییەکان و نەخۆشخانەکان و زیندانەکان و دەیان شوێنی تر. ڕۆژانە زیاتر لە حەوت هەزار تۆن پاشماوە لە کوردستان بوونی هەیە و 35%ی پلاستیک و نایلۆنە.
ئەو ژینگەدۆستە دەڵێت، “کیسی نایلۆن و دەبەی ئاوی پلاستیک و دەیان مەترسیی تری پلاستیک کە بەبێ گوێدانە زیانەکانیان لە بازاڕەکانی هەرێم هەڕاجدەکرێن، ئاخۆ کەی ڕۆژێک دێت ئێوەش وەکو وڵاتان بیر لە کەمکردنەوە یا قەدەغەکردنی ماددە پلاستیکییەکان بکەنەوە؟ من هەر جارەی بابەتێکی مەترسی دەخەمەڕوو بەڵکو خوا بکات خۆت و حکومەتەکەت لایەنی کەم هەست بەو مەترسییانە بکەن ئەگەر چارەسەریشی نەکەن”.