وەزارەتی خوێندنی باڵا داوای پلانی خوێندنی بەرایی و باڵا لە زانكۆكان دەكات، بەرپرسێكی باڵای وەزارەتەكە دەڵێت، لەمساڵی خوێندندا دەرگای خوێندنی دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا دەكەنەوە.
د. توانا نەجەف بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە دوایین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت داوای دوو پلانیان لە زانكۆكان كردووە، پلانێك دەربارەی خوێندنی بەرایی كە دبلۆم و بەكالۆریۆس دەگرێتەوە، پلانی دووەمیش خوێندنی باڵایە كە دبلۆمی باڵا، ماستەر و دكتۆرا دەگرێتەوە.
وتیشی، “لە هەردووكیاندا زانكۆكان پلانی خۆیان و توانای وەرگرتنی خوێندكارانمان بۆ دەخەنەڕوو، پاشان بڕیار لەبارەی شێواز و جۆری وەرگرتن دەدرێت”.
د. توانا ئەوەشی خستەڕوو، بەپێی كۆتا كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزارەت، لەمساڵی خوێندندا (2022/2023) دەرگای خوێندنی باڵا دەكرێتەوە، بەڵام پڕۆسەكە هەندێك كات و ئیشی زۆرتری دەوێت بەراورد بە خوێندنی بەرایی.
ڕێنماییەكانی وەرگرتن لە خوێندنی باڵا لەلایەن وەزیری خوێندنی باڵاوە هەندێك ئاسانكاری تیاكراوە، وەك ئەوەی بەڕێوەبەرە گشتییەكەی وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاماژەی پێدا و وتی، دوای ناردنی پلان لە زانكۆكانەوە، پلانەكە ڕادەگەیەندرێت و ئەوكات هەموو كەسێك بەپێی مەرجەكان دەتوانێت داواكاری وەرگرتن پێشكەش بكات.
دووپاتیشیكردەوە، “دەستمان بە پڕۆسەكە كردووە، هەر گۆڕانكارییەكیش هەبێت لە سایتی وەزارەتی خوێندنی باڵا ڕایدەگەیەنین”.
دەربارەی كاراكردنی سیستمی زانكۆلاین-یش بۆ دەرچووانی ئامادەیی، د. توانا نەجەف وتی، دوابەدوای دەرچوونی ئەنجامی خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی و دەرچوونی ئەنجامەكان، سیستمی زانكۆلاین كارادەكەن.
ڕۆژی شەممەی هەفتەی داهاتوو خولی دووەمی تاقیكردنەوەكانی 12ی ئامادەیی دەستپێدەكات و بڕیارە دواتر لەلایەن بەشی ئەزموونەكانەوە ئەنجامەكان ڕەوانەی وەزارەتی خوێندنی باڵا بكرێت، پاشان لەسەر بنەمای پلانی زانكۆكان و كۆنمرە خوێندكارانی دەرچووی ئامادەیی كێبڕكێ لەسەر كورسی كۆلێج و بەشەكانی زانكۆ و پەیمانگاكان دەكەن.