16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای ڕاگرتنی دانانی كامێرای چاودێری دەكەن

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای ڕاگرتنی دانانی كامێرای چاودێری دەكەن و دەڵێن، پێویستە ئەنجومەنی پارێزگا بڕیارێک دەربکات بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار و هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکە.

لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشدا 16 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسیانلەوەكردووە، دانانی کامێراکانی چاودێری لەنێوان شارەکان و قەزاکان پێچەوانەی یاساکانە و “یەکێکی دیکەیە لەو باجانەی دەخرێتەسەر شانی هاوڵاتییان و بوەتەمایەی ناڕەزایی هاوڵاتییان، چونکە دانانی کامێراکانی چاودێری لەگەڵ ڕەوشی خراپی ڕێگەوبانەکان ناگونجێت، بەتایبەت کە هاوڵاتییان بەهۆی خراپی ڕێگەوبانەکانەوە ڕۆژانە زیانیان پێدەگات”.

بۆیە، داوا لە سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەکەن کۆبونەوەیەک ئەنجامبدات بۆ ڕەتکردنەوەی دانانی کامێرای چاودێری، چونکە پێیانوایە ئەو پرۆسەیە لەئێستادا تەنها لە سلێمانی کەوتوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، “کارێکی نایاساییە و بە قوربانیکردنی شارەکەیە”.

هەروەها ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی دەڵێن، “بەپێی یاسا نابێت کامێرای چاودێری بدرێت بە کەرتی تایبەت، بۆیە داوا دەکەین ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بڕیارێک دەربکات بۆ ڕاگرتنی کارەکانی کۆمپانیای جێبەجێکار،هەروەها داوا لە وەزارەتی ناوخۆ بکرێت گرێبەستی کۆمپانیای جێبەجێکار هەڵبوەشێنێتەوە.”

 

بابەتی پێشتر

هەسەدە دەستگیركردنی تۆڕێكی سیخوڕی توركیای ڕاگەیاند

بابەتی دواتر

لە هەفتەیەکدا نزیکەی 80 هەزار کەس سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share