زانایان یەکەم “کۆرپەلەی دەستکرد” لە جیهاندا دروستدەکەن

لە هەنگاوێکدا کە چاوەڕوان دەكرێت مشتومڕێکی گەورەی لێبکەوێتەوە، زانایانی ئیسرائیل توێژینەوەیەکی نوێیان بڵاوکردەوە کە تیایدا یەکەم کۆرپەلەی دەستکردیان لە جیهاندا بەرهەمهێنا بەبێ ئەوەی پێویستیان بە سپێرم و هێلکەی پیتێنراو هەبێت، بەڵام جەختیان لەوە کردەوە کە ناتوانێت گەشەبكات و ببێتە زیندەوەری زیندووی تەواو.

زانایان و توێژەران دەڵێن، یەکەم “کۆرپەلەی دەستکرد”یان لە جیهاندا دروستکردووە، بە ڕێگایەكی بێوێنە کە پێویستی بە سپێرم و هێلکە و پیتاندنی نەكردووە.

زانایان لە پەیمانگای وایزمان لە ئیسرائیل بۆیان دەرکەوتووە کە خانە بنەڕەتییە وەرگیراوەكان لە مشك دەتوانرێت وا دروستبكرێت بۆ ئەوەی خۆیان كۆبكەنەوە بۆ پێکهاتەی سەرەتایی هاوشێوەی کۆرپەلە کە کۆئەندامی ریخۆڵە و مێشکی سەرەتایی و دڵ پێکدەهێنن.

ئەم خانانە بە (کۆرپەلەی دەستکرد) ناسراون، چونکە بەبێ پێویستی بە هێلکەی پیتێنراو دروست دەبن. پێشبینی دەکرێت لەماوەی نزیكی داهاتوودا ئەم جۆرە خانە زیندووانە ببنە هۆی تێگەیشتنێکی قووڵتر لەسەر چۆنیەتیی دروستبوونی ئەندام و شانەکان لە کاتی گەشەکردنی کۆرپەلە ئاساییەکاندا، وەك ئەوەی لە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیدا هاتووە.

توێژەران پێیانوایە کارکردن لەسەر ئەم “کۆرپەلە دەستکردانە” دەتوانێت تاقیکردنەوەکان لەسەر ئاژەڵە ڕاستەقینەکان کەم بکاتەوە و لە کۆتاییدا ڕێگە خۆشبکات بۆ سەرچاوەی نوێی خانە و شانە بۆ چاندنی لە مرۆڤدا. بۆ نموونە ئەگەری ئەوە هەیە خانەکانی پێستی نەخۆشێکی تووشبوو بە شێرپەنجەی خوێن بگۆڕدرێن بۆ خانە بنەڕەتییەکانی مۆخی ئێسک بۆ چارەسەرکردنی حاڵەتەکەی.

پرۆفیسۆر جاکۆب حەنا، کە سەرپەرشتی تیمی توێژینەوەکە دەکات، وتی، جێگای سەرنجە، کە خانە بنەڕەتییەکان کۆرپەلەی تەواو دەستکرد دروست دەکەن، واتە ئەمە منداڵدان و کیسی دەوروبەری كۆرپە دەگرێتەوە، دەشڵێت: “بەڕاستی ئێمە پەرۆشین بۆ ئەم کارە و کاریگەرییەکانی”.

توێژینەوەکە لە گۆڤاری بەناوبانگی The Cell بڵاوکراوەتەوە.

ساڵی ڕابردوو هەمان تیم باسیان لە چۆنیەتی دروستکردنی منداڵدانێکی دەستکرد کرد کە لەڕێیەوە بتوانرێت کۆرپەلە ئاساییەکانی مشک لە دەرەوەی منداڵدانی ئاسایی بۆ چەند ڕۆژێک گەشەبکات. لە نوێترین توێژینەوەدا هەمان ئامێر بەکارهاتووە بۆ پەروەردەکردنی خانە بنەڕەتییەکانی مشک بۆ زیاتر لە هەفتەیەک، کە نزیکەی نیوەی کاتی دووگیانی مشکێکە.

بەپێی ماڵپەڕی ABCی ئوسترالی، هەندێک لە خانەکان پێشوەختە بە ماددە کیمیاییەکان چارەسەرکراون، ئەمەش بووەتە هۆی گەشەکردنی بۆماوەیی خانەکان لەناو منداڵدان یان کیسی کۆرپەلە، هەندێکی دیکەشیان بەبێ دەستێوەردان لە ئەندام و شانەکانی دیکە گەشەیان کردووە.

کاتێک بەراورد دەکرێت بە کۆرپەلە ئاساییەکانی مشک، کۆرپەلە دەستکردەکان لەڕووی پێکهاتەی ناوەوە و پێکهاتەی بۆماوەیی خانەکانەوە بەڕێژەی 95٪ یەکسان بوون، ئەمەش وایکرد زاناکان بە هەندێک متمانەوە بڵێن ئەو ئەندامانەی کە دروستدەبن کارا بوون.

بەڵام حەنا ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کۆرپەلە دەستکردانە کۆرپەلەی “ڕاستەقینە” نین و توانای گەشەکردنیان نییە بۆ ئاژەڵی زیندوو، یان لانیکەم ئەوکاتە نەبوون کە لە سکی مشکی مێینەدا چێنراون.

بابەتی پێشتر

سەرەڕای پشوو دووشەممە مووچەی پەروەردە دابەشدەكرێت

بابەتی دواتر

دۆناڵد ترەمپ: پیلۆسی شێتە و بیانووی داوە بە چین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share