گۆڕانی ئاووهەوا و هەورەبروسكە چ پەیوەندییەكیان بەیەكەوە هەیە؟

گۆڕانی ئاووهەوا ئەگەری ڕوودانی هەورە بروسكە لە ویلایەتە یەكگرتووەكان زیاددەكات، وەك ئەوەی زانایان ئاماژەی پێدەدەن، ئەمەش دوای ئەوەی هەورەبروسكەیەك لە نزیك كۆشكی سپی بووە هۆی گیانلەدەستدانی سێ كەس و برینداربوونی ژمارەیەكی دیكە.

دەستەی كەشناسیی نیشتمانی ڕایگەیاند، پلەكانی گەرما لە 4ی ئاب-دا 34 پلەی سەدی تێپەڕاندووە كە بە سێ پلەی سەدی زیاترە لە زۆرترین پلەی گەرمای تۆماركراو بەدرێژایی 30 ساڵی ڕابردوو.

بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما دەبێتە هۆی زیادبوونی شێ لە بەرگەهەوادا، هەروەها هاندانی تەزووە بەرزە خێراكان كە هەردووكیان هۆكاری سەرەكین بۆ دروستبوونی تەنۆڵكە بارگاوییەكان كە دەبنەهۆی هەورەبروسكە.

توێژینەوەیەكی سەرەكی كە لە گۆڤاری (ساینس) بڵاوكراوەتەوە هۆشداریدەدات لەوەی، دەشێت هەورەبروسكە لەم سەدەیەدا بەڕێژەی 50% لە ویلایەتە یەكگرتووەكان زیادبكات، بەجۆرێك بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە یەك پلەی سەدی دەبێتە هۆی زیادبوونی هەورەبروسكە بەڕێژەی 12%، وەك ئەوەی ڕۆیتەرز بڵاویكردووەتەوە.

پێشتر توێژینەوەیەكی زانستی پڕۆسەكانی كەرەنتین بەهۆی بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە جیهاندا بەستەوە بە كەمبوونەوەی بەرچاوی هەورەبروسكە.

توێژینەوەكە كە لە كانونی دووەمی ڕابردوو پێشكەشی كۆبوونەوەی یەكێتیی جیۆفیزیایی ئەمریكی كرا شیكاری بۆ بەرگەهەوا كرد، كە پێدەچێت بەشداربووبێت لە پاشەكشەی ڕوودانی هەورەبروسكە، بەڕێژەیەك لەنێوان 10 و 20% لە ساڵی 2020دا، كە ترۆپی كەرەنتینەكانی تیا بووە.

ئیرل ویلیامز زانای كەشناسی لە پەیمانگای ماساچۆستس بۆ تەكنەلۆجیا و نوسەری سەرەكی توێژینەوەكە وتی، تیمەكەی سێ ڕێگای جیاوازی بۆ پێوانەی هەورەبروسكە بەكارهێناوە، سەرجەمیان ئاماژەیان كرد بە كەمبوونەوەی چالاكییەكانی پەیوەندیدار بەو دیارەیەی كەشوهەوا، وەك ئەوەی تۆڕی فۆكس نیوز-ی ئەمریكی گواستویەتیەوە.

توێژینەوەکە تیشکی خستۆتە سەر قووڵایی بینایی ئایرۆسۆلەکان (گۆڕان لە دۆخی شلییەوە بۆ دۆخی گازی)، کە ئەو تەنۆلکانە دەپێون کە بەهۆی سووتانی سوتەمەنییەوە بەرهەمدێت، بەوپێیەی ئەم تەنۆلکانە دەتوانن کۆبوونەوەی هەڵمی ئاو خێراتر و زیاتر بكەن، دواتریش ببێتەهۆی دەركەوتنی هەورەبروسكە.

بەڵام لەگەڵ شەپۆلی كەرەنتین لەسەر ئاستی جیهان ڕێژەی سووتانی سوتەمەنی كەمبووەوە، بەهۆیەوە بڕی ئەو تەنۆلكانە لە هەوادا كەمیكرد، لەگەڵ زانینی ئەوەی بەركەوتنی بە هەور دەبێتە هۆی دروستبوونی ئەو تەوژمانەی بەرپرسن لە دروستبوونی هەورەبروسكە.

توێژینەوەكە بەراوردی نێوان چالاكیی هەورەبروسەكە و ئاستی ئایڕۆسۆڵ-ی كرد لە ماوەی نێوان ئازار و ئایاری 2020، بە هەمان ماوەی هەردوو ساڵی 2018 و 2021.

توێژینەوەکە پشتڕاستیکردەوە کە كەمبوونەوەی هەورەبروسكە هاوكات بووە لەگەڵ كەمیی ڕێژەی تەنۆلکەکانی ئایرۆسۆڵ لە چەند ناوچەیەکی ئەفریقا، ئەوروپا و ئاسیادا، لەگەڵ دابەزینێكی کەمتر لە ئەمریکا.

بابەتی پێشتر

ڕۆژنامەی ئاس پاڵێوراوانی چامپیۆنز لیگی ئاشكراكرد

بابەتی دواتر

زانایەک پارچە گۆشتێک وەک وێنەی نزیکترین ئەستێرە لە خۆرەوە بڵاودەکاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share