بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم/ سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، كۆمپانیای نالیا قەرزەكەی بۆ حكومەت نەگەڕاندووەتەوە تا بۆ تەواوكاریی مووچەی مانگی تەمموز خەرجكرابێت، داواشی لێدەكەین قەرزەكەی بگەڕێنێتەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانكی ناوەندیی هەرێم/ سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، لەچەند پەیج و ئەكاونتێكی سۆشیاڵ میدیا بڵاوكراوەتەوە، گوایە قەزرەكانی كۆمپانیای نالیا لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە یەكلاكراوەتەوە و سەرۆكی كۆمپانیاكەش بڕیاریداوە بۆ تەواوكاریی مووچەی مانگی تەمموز بڕی 80 ملیار دینار بداتە مووچەخۆرانی سنووری سلێمانی.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ” لە ڕاستیدا كۆمپانیای ناوبراو بڕی قەرزەكەی 84 ملیار دینارە تا ئێستا نەیگێڕاوەتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت هەر بۆیە سەرلەبەری ئەو هەواڵ و چەواشەكارییانە ڕەتدەكەینەوە”.
ئاماژە بەوەشكراوە، “تا ئێستا كۆمپانیای نالیا هیچ قەرزێكی لەگەڵ حكومەتی هەرێم پاكتاو نەكردووە داوا لەسەرجەم ئەو بەڕێزانە دەكەین كە قەرز و ئاسانكاریی حكومەتیان لاماوە وەك ئەركێكی نیشتمانیی قەرزەكانیان بگەڕێنەوە بۆ خەزێنەی گشتی”.