لە دادگای سەربازیی موسڵ لە کەرکوک، دۆسیەی دادگاییکردنی ژمارەیەک ئەفسەر و پۆلیسی کورد کە بەشدارییان لە ڕیفراندۆمدا کردبوو داخرا و بڕیاری ئازادکردنیان درا.
پرۆسەی دادگاییکردنی ئەو چەند ئەفسەر و پۆلیسە کوردە ئەمڕۆ پێنجشەممە بەڕێوەچوو و بە پاڵپشتیی بافڵ تاڵەبانی دۆسیەکە داخرا.
لەوبارەوە لیوا کاوە غەریب فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ئەمڕۆ کۆتا دانیشتنی ئەو پڕۆسەیە ئەنجامدرا و دوای وەرگرتنی وتەی ئەفسەر و پۆلیسە کوردەکان، بە دەستێوەردانی بافڵ تاڵەبانی و پاڵپشتیی بۆ کۆتاییهێنان بەو دۆسیەیە بڕیاری ئازادکردنیان و داخستنی دۆسیەکەشیان درا.
فەرماندەی پۆلیسی کەرکوک وتیشی، لە ئەمڕۆوە ئەو دۆسیەیە کۆتاییهاتووە وئەو ئەفسەر و پۆلیسانە، کە پێشتر تۆمەتباربوون بە بەشداریکردنیان لە ڕیفڕاندۆمی ساڵی 2017 دەچنەوە دەوامی ئاسایی خۆیان و دۆسیەکەش کۆتاییهاتووە.