سەدر داوا لە خۆپیشاندەران دەكات بگەڕێنەوە ماڵەكانیان

دیمەنێك لە خۆپیشاندانەكان

سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوا لە خۆپیشاندەرانی ناسڕییە دەكات كۆتایی بە خۆپیشاندانەكان بهێنن و بگەڕێنەوە ماڵەكانیان.

موقتەدا سەدر، سەرۆكی ڕەوتی سەدر ئەمڕۆ یەكشەممە 29ی تشرینی دووەم لە تویتێكدا نوسیویەتی، “دەبێت ئاشتی و ئاسایش لە ناسرییە بەرقەراربێت و پێویستە خەڵکی ناسرییە لەنێوان خۆیاندا بەگژیەکدا نەچنەوە، جگە لەوەیش ھەر کەسێک ھەوڵی شڵەژاندنی ڕەوشی ئەمنی ناسرییە بدات و ڕێز لە شکۆی دەوڵەت نەگرێت، ئەوا پێویستە لەلایەن حکومەتی ناوەندەوە بەتوندی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت”.

سەدر دەشڵێت، “ئامۆژگاری خۆپیشاندەرانی ناسرییە دەکەم کە کۆتایی بە خۆپیشاندانەکانیان بھێنن و بە سەلامەتی بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، چونکە بۆ ھەڵبژاردنی داھاتوو، پێویستیان بە یەکریزی ھەیە”.

ڕۆژی ھەینی لە خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە-ی سەنتەری پارێزگای زیقار، پێکهەڵپژان لەنێوان لایەنگرانی ڕەوتی سەدر و خۆپیشاندەران ڕویدا و بەھۆیەوە پێنج کەس کوژران و 85ی دیکەیش برینداربوون کە پێنجیان کارمەندی ئەمنیین.

دوێنێ-ش خۆپیشاندەرانی پارێزگاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایانگەیاند، ئێوارەی هەینی ناسڕیە كوشتارگەكەی زەیتونی ساڵی پاری یادكردەوە، كە دەیان خۆپیشاندەر بە گولە كوژران و سەدانی دیكەشیان بریندار و كەمئەندامبوون.

ئاماژەیان بەوەشكرد، “لەو بارودۆخە خەمناكەی یادكردنەوەی قوربانییانی ساڵی پار، تووشی شۆك بووین بەوەی میلیشیاكانی سەر بە ڕەوتی سەدر بە هەموو جۆرە چەكێكەوە هەڵیانكوتایە سەر خۆپیشاندەران، كە دانیان بە تاوانەكانیان ناوە لە ڕێی ڕاگەیەندراوێكەوە، هەروەها هەستان بە سوتاندن و تێكدانی سەرجەم خێوەتەكانی گۆڕەپانەكە بەبێ ئەوەی مافی ئەوەیان هەبێت، ئەوەش بووە هۆی شەهیدكردن و برینداركردنی سەدان كەس”.

خۆپیشاندەران لەو ڕاگەیەندراوەدا دەشڵێن، “ئەو كوشتارگەیە بە بەرچاوی هێزە ئەمنییەكانەوە ئەنجامدراوە بەبێ ئەوەی ڕۆڵ بگێڕن بۆ پاراستنی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی حبوبی، وەك بڵێی ڕێككەوتن لەنێوان هەردوو لایەندا كرابێت”.

بابەتی پێشتر

وەزیری نەوتی عێراق: پێشبینی دەکەین نرخی نەوت بگاتە 50 دۆلار

بابەتی دواتر

یەکێتی و گۆڕان لەسەر لامەرکەزیی سلێمانی كۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share