چەكدارانی بۆكۆ حەرام 43 جوتیار لە نەیجیریا سەردەبڕن

بە سیخوڕیكردن بۆ سوپای وڵاتەكە تۆمەتباریان دەكەن

چەكدارانی گروپی (بۆكۆ حەرام)ی ئیسلامیی توندڕەو لانیكەم 43 جوتیاریان سەربڕی كە لە كێڵگەیەكی برنج لە شاری مایدۆگۆری لە باكووری ڕۆژهەڵاتی نەیجیریا كاریاندەكرد، لەو ڕوداوەدا شەش جوتیاری دیكەش برینداربوون.

ئاژانسی فڕانس پرێس لەسەر زاری گروپێكی چەكداری بەرهەڵسكاری بۆكۆ حەرام-ەوە بڵاویكردەوە، پەلاماردەرانی گروپەكە جوتیارەكانیان بەستووەتەوە و دواتر لە گوندی كۆشۆبی سەریانبڕیوون.

لای خۆیەوە محەمەد بوخاری، سەرۆكی نەیجیریا لە بەیاننامەیەكدا “كوشتنی جوتیارانی هەژاری لەسەر دەستی تیرۆرستان” ئیدانەكرد و ئاماژەی بەوەكرد كە وڵاتەكەی بریندارە بەهۆی “ئەو تیرۆرە نامەعقولەوە”.

سەركردەیەكی گروپی چەكداری باباكورا كۆلۆ وتی، “43 تەرممان دۆزییەوە، هەموویان سەربڕدرابوون، شەشی دیكەش كە برینەكانیان مەترسیدارە”.

قوربانیان دانیشتووانی ویلایەتی سۆكۆتۆ-ن كە دەكەوێتە باكووری ڕۆژئاوای نەیجیریا، بەدووری نزیكەی هەزار كیلۆمەتر لە شوێنی ڕوداوەكە، بۆ كاركردن ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەكەیان كردووە، وەك ئەوەی سەركردەی گروپەكە باسیكردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هەشت كەسیش لە جوتیارەكان بێسەروشوێنن كە گوماندەكرێت ڕفێندرابن.

مانگی ڕابردووش چەكدارانی بۆكۆ حەرام لە دوو هێرشی جیادا 22 جوتیاران سەربڕی كە لە كێڵگە كشتوكاڵییەكانی مایدۆگۆری كاریاندەكرد.

چەكدارانی بۆكۆ حەرام و “ڕێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە ڕۆژئاوای ئەفریقا” هێرشەكانیان بۆ سەر جوتیار و كرێكار و شوان و ڕاوكەرانی ماسی زیادكردووە و بە “سیخوڕیكردن و گواستنەوەی زانیاری” بۆ سوپا و گروپە چەكدارەكانی بەرهەڵسكاریان تۆمەتباریان دەكەن.

لە ساڵی 2009ەوە ئەو ململانێیە بووەتە هۆی كوشتنی 36 هەزار كەس و ئاوارەبوونی نزیكەی دوو ملیۆنی دیكە.

بابەتی پێشتر

یارییەکانی ئەمڕۆ، یەکشەممەی خولەکانی ئەوروپا بەکاتی هەرێمی کوردستان

بابەتی دواتر

هەولێر.. تۆمەتبارێك كە لە 2009ەوە داواكراوە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

جێگرەکەی ترەمپ کێیە؟

لەدوای یەکلابوونەوەی سەرکەوتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا ئەوەش یەکلابووەتەوە کە جەی دی ڤانس لەگەڵ خۆیدا…
Total
0
Share