ساڵیادی فەرمانی 74ــەم
هەشتەمین ساڵیادی جینۆسایدکردنی ئێزدییەكان.. دوایین ئاماری قوربانییان‏

ئەمڕۆ یادی هەشت ساڵەی داگیركردنی شەنگال و جینۆسایدکردنی ئێزدییەكانە، ‏كارەساتێك، كە ئێزدییەكان ناویان ناوە فەرمانی 74ــەم.‏

ڕۆژی 3ی ئابی 2014 ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش، هێرشیكردە سەر شەنگال و ‏كۆمەڵگەی ئێزدی، شارەکە داگیركرا و ژمارەیەکی زۆر لە کوردانی ئێزدی ناچار بە ‏هەڵاتن و چوونە سەر چیای شەنگال كران، ژمارەیەكی زۆریشیان بە دیل گیران.‏

بەهۆی كشانەوەی بێشەڕ و تەقەی هێزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، هێرشەكەی ‏داعش كتوپڕیی بۆ كۆمەڵگەی ئێزدی تێدابوو، بەشێكیان توانییان زوو خۆیان لە چنگی ‏داعش ڕزگاربكەن، بەڵام ژمارەیەكی زۆر لە كوردانی ئێزدی دەرفەتی خۆڕزگاركردنیان ‏نەبوو و كەوتنە دەستی داعش.‏

هەر زوو داعش دەستیكرد بە كۆمەڵكوژكردنی ئێزدییەكان و بەپێی ئامارە فەرمییەكان ‏تەنها لە دوو ڕۆژی یەكەمی هێرشەكەدا نزیكەی 1900 ئێزدی كوژران و گیانیان ‏لەدەستدا.‏

دوایین ئامارە ڕاگەیەندراوەکانی لایەنە فەرمییەكان دەریدەخەن، لەو داگیركاری و ‏جینۆسایدكردنەی ئێزدییەكاندا، ئەوەی تا ئێستا تۆمارکراوە پێنج هەزار کەس گیانیان ‏لەدەستدا، زیاتر لە 400 هەزار ئێزدی ئاوارەبوون، بەشێوەیەك كە نزیكەی 325 هەزار ‏ئێزدی لە ناوخۆی هەرێمدا ئاوارەن، هەروەها نزیكەی 100 هەزار ئێزدی لە دەرەوەی ‏وڵات پەنابەر و ئاوارەن.‏

لەو جینۆساید و هەوڵی سڕینەوەیەدا، شەش هەزار و 500 ژن و منداڵی ئێزدی وەک ‏کۆیلە و کەنیزەک لەلایەن داعشەوە گیران، زیاتر لە هەزار و 500 ژن دەستدرێژیی ‏جەستەییان کرایەسەر. ‏

هەروەها نزیكەی 6400 کوردی ئێزدی ڕفێندران، تا ئێستا دوو هەزار و 717 کەسیان ‏بێسەروشوێنن، کە هەزار و 273یان لە ڕەگەزی مێ و هەزار و 444یان لە ڕەگەزی ‏نێرن، هەروەها تائێستا ژمارەی ئەو ڕفێندراو و بەدیلگیراوانەی ئازادکراون بەمجۆرەن، ‏دوو هەزار و هەشت منداڵ، هەزار و 207 ژن و 339 پیاو ئازادکراون. ‏

بەهۆی ڕووداوەکەوە، هەزار و 759 منداڵ بێ باوک، 407 منداڵ بێ دایک و 359 ‏منداڵ بێ دایک و باوک بوون، هەروەها تا ئێستا ژمارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال کە ‏دۆزراونەتەوە 82 گۆڕی بەکۆمەڵن.‏

بابەتی پێشتر

فڕۆکەکانی تورکیا بۆردومانی گوندێکی ئامێدییان کرد

بابەتی دواتر

ئەمریكاش داوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی شەنگال دەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

فراوانكردنی دۆستایەتی و زامنكردنی كاریگەری
رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی هەوڵەكانی بافڵ جەلال تاڵەبانی بەرزدەنرخێنێت

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان درێژە بە جموجوڵە سیاسییەكانی دەدات كە ئامانج لێی گەڕاندنەوە و چەسپاندنی…
Total
0
Share