كەشناسیی عێراق، وادەی بارانبارینی ڕاگەیاند و دەڵێت، لە دوو ڕۆژی داهاتوودا “پلەكانی گەرما دەگەن بە نیوەی ڕادەی كوڵان”.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ سێشەممە بڵاویكردەوە، دەستەی كەشناسیی عێراق پێشبینییەكانی كەشوهەوای سێ ڕۆژی داهاتووی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، هەینی باراندەبارێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی كەشناسی، ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئاسمانی عێراق ساماڵ دەبێت، لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و باكوور پلەكانی گەرما كەمێك بەرزدەبنەوە، بەڵام “لە ناوەڕاست و باشوور كەشوهەوا زۆر گەرم دەبێت و گەرما دەگات بە نیوەی پلەی كوڵان”.
كەشناسیی عێراق دەڵێت، سبەینێ سێشەممە پلەكانی گەرما لە بەغداد و حەوت پارێزگای ناوەڕاست و باشوور دەگەن بە 50 پلەی سیلیزی، بەڵام ڕۆژی هەینیی داهاتوو گۆڕانكاری لە كەشوهەوادا ڕوودەدات و شەپۆلێكی بارانبارین ڕوو لە عێراق دەكات و پلەكانی گەرما تاڕادەیەك نزمدەبنەوە.