جوتیار عادل: لە داهاتی نەوت مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حكومەت

جوتیار عادل

وتەبێژی حكومەتی هەرێم ئاكاری كار و چالاكییەكانی شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “بەهۆی چاكسازییەوە” داهاتی مانگانەی نەوت بۆ 500 ملیۆن دۆلار بەرزكراوەتەوە.

جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لەماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، حکومەتى هەرێم بڕی پێنج تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانکردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵ تەنیا بڕی 400 ملیار دیناری ناردووە، لەکاتێکدا بەپێی ڕێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغداد پێویست بوو مانگانە 200 ملیار دینار بنێرێت.

وتیشی، “حکومەت لە داهاتی نەوت پێشتر مانگانە 350 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بەهۆی ئەو چاکسازییانەی لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە 500 ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت”.

بۆ دابینكردنی مووچە حكومەتی هەرێم مانگانە پێویستی بە زیاتر لە 900 ملیار دینار هەیە، جوتیار عادل وای وت.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، لەو ماوەیەدا لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە 136 ملیۆن لیتر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانكراوە كە بەهاکەی زیاتر لە 116 ملیار دینارە.

چالاكییەكانی دیكە وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە:

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە 28 گرێبەست زیاد کردووە بۆ 32 گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە 11.8 ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ 9.6 ملیار دینار.

لە هەرێمى کوردستان، مانگانە 200 هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆدەکرێتەوە و لە شەش مانگی ڕابردوو ملیۆنێک و 200 هەزار تۆن کۆکراوەتەوە و چارەسەرکراوە.

ئاوی خواردنەوە لە ساڵى 2022

لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و 19 هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکان هەیە کە پێوەری ئاو بۆ 719 هەزاریان بەستراوە.

حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، رۆژانە (2.6) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە 470 ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی هەشت ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکى حکومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتیانى خۆشەویست.

وەزارەتی تەندروستی
لە سێکتەرى تەندرووستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە 23 ملیار و 450 ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە.

لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بڕی 13 ملیار و 750 ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی چوار ملیار و 892 ملیۆن دینار خەرج کراوە. بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان، زیاتر لە چوار ملیار دینار دابینکراوە.

وەبەرهێنان
حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەرى وەبەرهێنان کە سێکتەرێکى دیکەى حکومەتى هەرێمە کە گرنگییەکى تایبەتى هەیە و لە شەش مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، 44 پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری 768 دۆنم ئەنجام داوە، کە سەرمایەکەیان 648 ملیۆن و 980 هەزار دۆلار بووە.

سێکتەرەکانیش بەپێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:
لە سێکتەری بازرگانی، 14 پڕۆژە بە سەرمایەی 114 ملیۆن و 37 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری پیشەسازی، 13 پڕۆژە بە سەرمایەی 136 ملیۆن و 554 هەزار دۆلار جێبەجێ کراوە.
لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، شەش پڕۆژە ئەنجام دراوە بە سەرمایەی 26 ملیۆن و 638 هەزار دۆلار.
لە سێکتەری تەندروستی، سێ پڕۆژە جێبەجێ کراوە بە سەرمایەی 16 ملیۆن و 905 هەزار دۆلار.
لە سێکتەری نیشتەجێبوون، سێ پڕۆژە بە سەرمایەی 338 ملیۆن و 77 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری کشتوکاڵی، دوو پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بە سەرمایەی حەوت ملیۆن و 700 هەزار دۆلار.
لە سێکتەری گەشتیاری، بە سەرمایەی ملیۆنێک و 930 هەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە.
لە سێکتەری بانکەکان، پڕۆژەیەک بە سەرمایەى چوار ملیۆن و 100 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی سێ ملیۆن و 29 هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى
لە شەش مانگی رابردوو، چالاکى بازرگانى لە هەرێمەکەمان بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا 494 هێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داهاتەکەی 601 ملیۆن و 884 هەزار دینار بووە.

لەم شەش مانگەی رابردوو، هەزار و 675 مۆڵەتی هاوردە و 79 مۆڵەتی هەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەى 260 هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە 220 ملیار دینار و تا ئێستا نزیکەى 95 ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.

بابەتی پێشتر

پەیامێك لە مستەفا كازمی-یەوە

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێك: بارودۆخی بەندكراوانی بادینان باش نییە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

خۆڵبارین دەستپێدەكاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم بڵاویكردووەتەوە، ئەمشەو خۆڵبارینی سووك لە چەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان دەستپێدەكاتەوە. بەپێی ڕاگەیەندراوێكی…
Total
0
Share