زیاتر لە 70%ی گەنجان دەیانەوێت كۆچ بكەن‏
ڕاپرسییەک لە تورکیا ویستی كۆچ و نەبوونی خواستی دەنگدان دەخاتەڕوو

ڕێژەی 62.5%ی گەنجانی بەشداربوو رەخنەیان لە کارەکانی ئێستای حکومەتی تورکیا گرتووە.

ڕاپرسییەکی نوێ کە دامەزراوەیەکی ئەڵمانی ئەنجامیداوە دەریدەخات، ملیۆنان گەنجی کوڕ و کچی تورکیا دەیانەوێت وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن ئەگەر گرەنتییان پێنەدرێت بۆ دەرچوون لەو قەیرانە داراییەی تورکیا پێیدا گوزەردەكات، کە کاریگەریی نەرێنی کردووەتەسەر گەنجان بەتایبەت دەرچووانی زانکۆ ناوخۆییەکان و ئەوانەی کارەکانیان لەدەستداوە.

ڕێکخراوی کۆنراد ئەدیناوری ئەڵمانی کە کارەکانی لە 100 وڵاتی جیهان چالاکە، ڕاپرسییەکەی ئەنجامداوە، ئەنجامی ڕاپرسییەکە لەلایەن هاوپەیمانیی دەسەڵات کە پارتی داد و گەشەپێدان و پارتی بزوتنەوەی نەتەوەیی تورکیا پێکیدەهێنن ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە، بەڵام پەیمانگای ڕووپێویی تورکی ئەو ڕەخنانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو ڕێکخراوە ئەڵمانییەی ڕاپرسییەکەی ئەنجامداوە نزیکە لە ئەنگێلا مێرکڵ ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیاوە کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان هەبوو، بۆیە بە سیاسی دانانی ئەو ئەنجامانە ڕاستنییە.

ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ئەو ڕێکخراوە دەریدەخات، گەنجانی تورکیا ئەو چینەی لە تورکیا بەپێی تەمەنەکەیان بە Z ناسراون، خواستیان لەسەر بەجێهێشتنی وڵاتە لە ئەنجامی ئەو قەیرانە داراییەی ڕووی لە تورکیا کردووە سەرەڕای ململانێ سیاسییەکان، ئەوانەی ڕاپرسییەکە باسیان دەکات تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 25 ساڵدایە زۆرینەیان هەر هەلێکیان بۆ بڕەخسێت وڵاتەکە بەجێدەهێڵن، ڕێژەكە دەگاتە زیاتر لە 70%ی گەنجان.

ڕێکخراوەکە پشتیبەستووە بە چاوپێکەوتن لەگەڵ زیاتر لە سێ هەزار و 200 گەنج لە 28 پارێزگای تورکیا، ڕێژەی 82.9%ی ئەوانەی بەشدارییانکردووە پێیانوایە، “ئەو سامانەی لە تورکیا هەیە بە نادادپەروەری دابەشبووە”.

هەروەها 87.3%ی ئەوانەی بەشدارییان کردووە لە ڕاپرسییەکەدا پێیانوایە، ڕێژەی بێکاری لە تورکیا زۆر بەرزە، چونكە ڕێژەی بێکاری لەو وڵاتە دەگاتە 11.2%.

لە ڕاپرسیی ڕێکخراوەکەدا ڕێژەی 62.5%ی گەنجانی بەشداربوو ڕەخنەیان لە کارەکانی ئێستای حکومەتی تورکیا گرتووە.

ئەو ڕێکخراوە ئەڵمانییە لە ڕاپرسییەکەیدا پرسیاری سەبارەت بەو پارتانە کردووە کە گەنجانی بەشداربوو دەنگیان پێدەدەن لەکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی و پەرلەمانی تورکیادا، ڕێژەی 44.7%ی ئەوانەی بەشدارییان کردووە ڕەتیدەکەنەوە وەڵامی ئەو پرسیارە بدەنەوە و بەشێکیشیان ئاشکرایانکردووە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەنگنادەن.

بابەتی پێشتر

عێراق ئۆتۆمبێل به‌ تایبه‌تمه‌ندیى سه‌رده‌مه‌وه‌ دروستده‌كات

بابەتی دواتر

پادشا دوای یاریکردن لەگەڵ کوڕەکەی وازدەهێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share