وەزارەتی دەرەوەی ئێران: دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەمریکا درێژخایەن نابن

وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییەکانی خۆیانە و دەشڵێت، درێژە ناکێشێت.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “ئێمە لە دانوستانەکانی مەسقەت، جگە لە دەستەبەرکردنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمان، هیچ ئامانجێکمان نییە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە دەبێتە دەرفەتێکی راستەقینە بۆ چارەسەرکردنی پرسی ئەتۆمی و هەڵگرتنی سزاکانی سەر وڵاتەکەمان.

لە بەیاننامەکەدا ئەوەش هاتووە، “لە ماوەی رابردوودا سەلماندوومانە کە پابەندین بە پرەنسیپە دیپلۆماسییەکان، دانوستانەکانی ئەمڕۆش سەرەتایەکە، کە تێیدا هەردوو لایەن هەڵوێستە پرەنسیپییەکانی خۆیان رادەگەیەنن، پێشبینیش دەکەین درێژخایەن نەبن”.

ئەمڕۆ شەممە، دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، لە مەسقەتی پایتەختی عومان دەستیپێکرد و باس لە چەند پرسێکی نێوانیان، بەتایبەت بابەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و بەهێزکردنی پەیوەندییە سیاسی و ئابورییەکانی نێوان هەردوولا دەکرێت.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share