سەرۆك كۆماری عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین و ڕۆڵمان هەبێت لە هێۆركردنەوەی دۆخی عێراق و دەڵێت، “پێویستە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە”.
دكتۆر بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێكی لەبارەی دۆخی عێراقەوە بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە، ئەركی سەرشانی هەموومانە پابەندبین و هەروەها پێویستە بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخەینە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەكی دیكەوە.
سەرۆك كۆماری عێراق داوادەكات، لە پێناو هێوركردنەوەی دۆخی ئێستا و تەشەنەنەكردنی و پەرۆشیمان بۆ بەرژەوەندیی وڵات و هاونیشتمانییان بە پێویستی دەزانین بەزووترین كات گفتوگۆیەكی نیشتمانیی ڕاستگۆیانەی جددیی دەستپێبكەین، تاوەكو ئاسایش و سەقامگیریی لە وڵاتەكەماندا بەرقەرار بێت و عێراقییەكانیش لەوە دڵنیا بكەینەوە كە بەهەر نرخێك بێت ئاشتی و ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەپارێزین و دەستبەرداری نابین.
سەرۆك كۆمار جەختدەكاتەوە، عێراقییەكان چاوەڕێن خزمەتی زیاتریان بكەین، ئەوان شایستەی ژیانێكی شكۆدارانەی باشترن كە بتوانن بە ئازادی بژین، ئەوان هێشتا بەسەبر و ئارامگرن و دەیانەوێت شكست و نوشوشستییەكانیان تێپەڕێنن.