بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی چی دەڵێت لەبارەی بایكۆتی دەوامەوە؟

ژمارەیەك لە كارمەندانی هاتوچۆی سلێمانی

پاش ئەوەی ئەنجومەنی فشار لە سلێمانی داوایان لە تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم كرد بایكۆتی دەوام بكەن، بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت، سبەی دەوام ئاساییە.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا عەمید فەرەیدون عومەر، بەڕێوبەری گشتیی هاتوچۆی سلێمانی وتی، “سبەی یەكشەممە 29ی تشرینی دووەم، لە هاتوچۆی سلێمانی دەوام دەكرێت، هیچ بایكۆتكردنێك لەئارادا نییە”.

لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك باس لەوە كرابوو كە بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە، “سبەی دەوامە و هەركەس پشێوی بنێتەوە سزا دەدرێت”، عەمید فەرەیدون ڕەتی كردەوە هیچ لێدوانێكی لەو جۆرەی دابێت.

بەڕێوبەری هاتوچۆی سلێمانی ئاماژەی بەوەكرد، “سبەی هاوشێوەی هەر ڕۆژێكی دیكەی ئاسایی، دەوام دەكرێت و پێشبینی ئەوە ناكەم كە بایكۆتكردنی دەوام ڕوبدات”.

ئەوە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ شەممە 28ی تشرینی دووەم، ئەنجومەنی فشار لە ڕاگەیەندراوێكدا لە سلێمانی ڕایگەیاند، “دوای نۆ كابینەی یەك لەدوای یەك ژیانی خەڵكی سەختتر دەبێت، كابینەی نۆیەم بەداخەوە لەسایەیدا ژیان تەواو ئەستەم بوو، موچە بووە خەون و دزین كراوە بە دەستكەوت”.

لە بەشێكی ئەو ڕاگەیەندراوەكە ئەنجومەنی فشار چەند داواكارییەكی خستەڕوو دیارترینیان ئەوەبوو، “داوا دەكەین موچە و قوتی موچەخۆران تێكەڵ بە ململانێی سیاسی نەكرێت، لەكاتی خۆیدا بدرێت و كۆتایی بهێندرێت بە دزینی موچە”.

“داوا لە سەرجەم فەرمانبەران لە زاخۆوە تا خانەقین دەكەین لە سبەی یەكشەممەوە بایكۆتی دەوام بكەن و نەگەڕێنەوە سەر كار، تا داواكارییەكانمان جێبەجێ دەكەن”، وەك ئەنجومەنەكە داوای كردووە.

بابەتی پێشتر

دایكێكی ڕوسی پێنج منداڵەكەی لە مردن ڕزگاركرد.. دواتر كارەسات ڕویدا

بابەتی دواتر

پاریس.. پێكدادان لەنێوان پۆلیس و خۆپیشاندەراندا ڕوویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share