عەمار حەكیم: مەترسی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە لەنێو پێكهاتەكاندا

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە ڕایدەگەیەنێت، مەترسی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە لەنێو پێكهاتەكاندا، دەشڵێت، بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی دوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، پێویستە ڕێکاری ڕوون هەبێت بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار.

عەمار حەکیم، سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، ئەمڕۆ لەمیانەی بەشداریكردنی لە گردبوونەوەی لایەنگرانی ڕەوتەکەی كە بەبۆنەی سەری ساڵی کۆچی سازکرابوو لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، “مەترسی توندوتیژی و ئاژاوەگێڕی هەیە، لەنێو پێكهاتەكاندا، بەڵام ئێمە لە پڕۆژەی ئیمامی حوسێندا وانەی چاکسازی، گۆڕان و بەرەنگاربوونەوەی لادان فێربوین”.

بۆیە، حەكیم داوا لە هەموو لایەنەکان دەکات، ناکۆکییەکان تێپەڕێنن و دەست بکەن بە گفتوگۆی جددی لەپێناو نیشتیمان و بەرزکردنەوەی پێگەی عێراق.

جەختیشی كردوەوە، ڕێگە بە دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی و بەکارهێنانی ناکۆکی سیاسی نادەن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی کەسی، چونكە ئەوە هێڵی سورە.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە داواشی لە سەرکردە سیاسییەکان كرد لێدوانی نەرێنی دژبەیەك ڕابگرن و لە ڕێگەی کەناڵە ڕەسمییەکانەوە دەست بە گفتوگۆ بکەنەوە.

سەرۆكی ڕەوتی حیكمە پێشیوایە، بۆ تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسی دوای دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران، پێویستە ڕێکاری ڕوون هەبێت بۆ دیاریكردنی سەرۆك كۆمار.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت زیاتر بەرزبووەوە

بابەتی دواتر

ئەو ئۆتۆمبێلانەی بە غاز كاردەكەن سەركەوتوو بوون و وێستگەی نوێیان بۆ دەكرێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share