بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ماڵی مام لە بەغداد پێشوازیکرد لە مامۆستا عەلی باپیر، سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان.
لە دیدارێکدا دوایین پەرەسەندنە سیاسییەکان و پرسی پێکھێنانی حکومەتی نوێی عیراق گفتوگۆیان لەبارەوە کرا و جەخت لە چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان کرایەوە.
سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی جەختی لە یەکهەڵوێستی و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمەڵی دادگەری کردەوە بە شێوەیەک کە هەردوولا هاوکار و هەماهەنگ بن لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی لە هەرێمی کوردستان و خزمەتکردنی زیاتری خەڵک.
لە بەرامبەردا مامۆستا عەلی باپیر خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغداد دەیگێڕێت کە درێژەپێدەری سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک مام جەلالە و ئێستاش ماڵەکەی کۆکەرەوەی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراقە.