فەرماندەیەكی باڵای عێراق: پلانێكی تەواومان هەیە بۆ گرتنەدەستی سنوور لەگەڵ توركیا

جێگری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكان ڕایدەگەیەنێت، پلانێكی تەواو هەیە بۆئەوەی هێڵی سنووریی لەگەڵ توركیا بگرنەدەست و دەڵێت، پلانەكە دەخەنە بەردەم مستەفا كازمی.

فەریق ڕوكنی یەكەم عەبدولئەمیر شمەری جێگری فەرماندەی پرۆسە هاوبەشەكانی عێراق ئەمڕۆ بە سەرۆكایەتی شاندێكی ئەمنی سەردانی ناوچە سنوورییەكانی كرد و ڕایگەیاند، پلانێكی تەواوەتی هەیە بۆ ئەوەی هێڵی سنووریی لەگەڵ توركیا بگرنەدەست.

ئەوەشی وت، “پلانەكە دەخرێتە بەردەم مستەفا كازمی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان”.

بەپێی ئاژانسی فەرمیی عێراق شاندە ئەمنییەكە سەردانی بارەگای فەوجی دووی لیوای یەكی پاسەوانی سنوور‌ و لیوای یەكی ناوچەی (باتۆڤا)ی سەر بە قەزای زاخۆی كرد لە پارێزگای دهۆك، بۆ ئاگاداربوون لە بارودۆخی سنووری عێراق‌ و توركیا.

فەرماندەكە ئەوەشی خستەڕوو، تاوتوێی قەبارەی سوپای توركیا لەو ناوچانە كرا و هەڵسەنگاندێكی تەواوەتییان بۆ هێڵی سنووری كردووە، جەختیشیكردەوە لەسەر پێویستی كاری خێرا و هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا.

سەردانەكە دوابەدوای بۆردوومانەكەی چوارشەممەی ڕابردوو 20ی تەمموزی سوپای توركیا دێت بۆسەر گوندی پەرەخێی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ كە بەهۆیەوە 9 گەشتیار گیانیان لەدەستدا و 23ی دیكە برینداربوون.

بابەتی پێشتر

ئەگەر وازبێنی لە شەکر لەماوەی مانگێکدا چی لە جەستەتدا ڕوودەدات؟

بابەتی دواتر

چارەسەری هەڵوەرینی قژ دۆزرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share