لەگەڵ تێپەڕینی شەش ساڵ بەسەر دیاریکردنی زۆنگاوەکانی عێراق وەک میراتێکی جیهانی لەلایەن ڕێکخراوی یونسکۆی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو زۆنگاوانە ئێستا لە وشکبوونەوەی تەواوەتی نزیکدەبێتەوە، ئەوەس سامانی ماسی و باڵندەکانی ئەو زۆنگاوانەی ڕووبەڕووی لەناوچوون و مەترسی کردووەتەوە.
مەترسییەکانی سەر وشکبوونی تەواوی زۆنگاوەکانی عێراق بەردەوام زیاددەکات، بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و کەمی بارانبارینەوە، ئەوەش لە ئەنجامی گۆرانکارییەکانی ئاووهەوا کە ماوەی چەند ساڵێکە زیانی زۆری بە ژینگەی عێراق گەیاندووە.
عێراق پێنجەم وڵاتی جیهانە کە زۆرترین زیانی بەهۆی گۆڕانکارییەکانی ئاووهەواوە بەرکەوتووە.
زۆنگاوەکانی عێراق لە هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە ئاویان پێدەگات، کە بوونەتە ژینگەیەکی گونجاو بۆ سامانی ماسی، باڵندە و ئاژەڵەکان، هەروەها ئەو زۆنگاوانەی عێراق خاڵی مانەوەی هەزاران باڵندەی کۆچبەرن کە لەنێوان سیبریا و ئەفریقا کۆچدەکەن، هەروەها دیارترین ناوچەی گەشتیاریین لە عێراق.
پسپۆڕانی ژینگەیی هۆشداریدەدەن لەو مەترسییانەی ڕوویان لە زۆنگاوەکانی کردووە، بەوەی وشکبوونی زۆنگاوەکان تەنها مەترسی نین بۆ سەر میراتێکی جیهانی و مەترسی بۆ سەر ژینگە، لەگەڵ ئەوەشدا هەڕەشەیە بۆ سەر کۆچی بە کۆمەڵی دانیشتووانی ناوچەکە.
هەروەها هۆکارە بۆ فشارێکی گەورە لەسەر دیمۆگرافیا، ئابوری و کەرتی خزمەتگوزاریی شار و ناوچەکانی دیکە کە خەڵکی نزیک زۆنگاوەکان کۆچیان بۆدەکەن، لەکاتێکدا ئەوان پێشتر پشتیان بە سامانی ماسی بەستووە بۆ بژێوییان.
بەپێی شارەزایانی ژینگەی عێراقی، گۆڕانکارییەکانی ئاووهەوا زۆرترین کاریگەرییان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکان هەبووە و بەڕێژەی زیاتر 70% زیانیان پێگەیشتووە.
شارەزایان گۆرانکارییەکان بە کارەساتی ژینگەیی بۆ سەر عێراق ناودەبەن، زۆنگاوەکان لە دوای ساڵی 2003وە زۆنگاوەکان ڕووبەڕووی خراپترین سیناریۆ بوونەتەوە، زۆنگاوەکان بەسەر سێ پارێزگادا دابەشبوون کە زیقار، بەسرە و میسانن، لە مانگی تەمموزی ساڵی 2016دا وەک میراتێکی جیهانی لەلایەن یونسکۆوە دیاریکران.
بەپێی داتاکان، تا سەرەتای تەمموزی ئەمساڵ زۆنگاوەکانی زیقار بەڕێژەی 85% ڕووبەڕووی وشکبوونەوە بوون، هەروەها زۆنگاوەکانی میسانیش بەڕێژەی 90%.
لە ئەنجامی ئەو وشکبوونەوە و گۆرانکارییانە ژمارەیەکی زۆر لە دانیشتووانی ناوجەی زۆنگاوەکان کۆچبکەن بەهۆی لەدەستدانی سەرچاوەی ژیانیانەوە، کۆچکردنی دانیشتووانی زۆنگاوەکان بەرەو ناوچەکانی باکوور جارێکی دیکە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئەو ناوچانە دەبێت، دەبێتە هۆی فشرێکی زۆری ئابوری و نیشتەجێبوون لە شار و شارۆچکەکانی دیکە.
وتەبێژی حکومەتی عێراق لەوبارەیەوە دەڵێت، “بەداخەوە ناچارین بە گواستنەوەی دۆسیەی زۆنگاوەکان لە وەزارەتی ئاوەوە بۆ سەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کۆچظی بە کۆمەڵی دانیشتووانی زۆنگاوەکان”.
ئاماژەی بەوەکردووە، “عێراق یەکێک لە بنەما گرنگەکانی ژینگەی جیهان لەدەستدەدات، کە هۆکاری جۆراوجۆریی ژینگەی عێراق بووە لە چەند ڕوویەکەوە، لەبەرئەوەی زۆنگاوەکان میراتێکی جیهانین بۆیە دەبێت جوڵە و هەوڵی نێودەوڵەتی هەبێت بۆ فشارکردن لە تورکیا و ئێران تاوەکو بەشە ئاوی پێویستی عێراق بەربدەنەوە”.
ڕێکخراوی یونسکۆ زۆنگاوەکانی عێراقی بە دەگمەن ناوبردووە کە یەکێکە لە سەرچاوە ژینگەییە جۆراوجۆرەکانی جیهان و هۆکارە بۆ سیستمێکی بایۆلۆجیی جیاواز لەو کەشوهەوا گەرمەدا.