هێڵی ئاسمانیی توركیا لە عێراقەوە هاككرا و بەشێك لە خزمەتگوزارییەكانی هێڵەكە ڕاگیران.
گرووپێكی هاككەری عێراقی دەڵێن، هێڵی ئاسمانیی توركیایان هاككردووە و هۆكارەكەی دەگەڕێننەوە بۆ هێرشەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ كە بووەهۆی كوژرانی نۆ گەشتیاری عێراقی و برینداربوونی 26ی تریان.
میدیای توركی هەواڵەكەی پشتڕاستكردەوە و ڕایگەیاند، سێرڤەرەكانی بڕینی بلیتی هێڵی ئاسمانیی توركیا، ڕووبەڕووی هێرشێكی سیبریانی بوونەتەوە و لەكاركەوتوون.
ئەو گرووپەی هێرشەكەی ئەنجامداوە دەڵێت، لە كاردانەوەی دەستدرێژییەكانی توركیا بۆ سەر عێراق كارەكەی ئەنجامداوە و هێرشە ئەلیكترۆنییەكە لە خاكی عێراقەوە بەرپاكراوە.
هاوكاتی هێرشە ئەلیكترۆنییەكە، ئەمشەو هەینی سەربازگەی توركیا لە ناحیەی زلێكان مووشەكباران كرا و دوو گرووپی چەكداری عێراقی ڕایانگەیاند، لە تۆڵەی خوێنی قوربانییەكانی زاخۆدا هێرشەكەیان كردووە.