تۆپبارانەكەی توركیا بۆ سەر زاخۆ چەندین كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەگەری هێرشكردنەسەر نوێنەرایەتییەكانی توركیا لە عێراق هەیە.
لە كاردانەوەی تۆپبارانەكەی ئەمڕۆی توركیا بۆ سەر زاخۆ، لە نەجەف ناوەندی پێدانی ڤیزای توركیا داخرا و ئاڵای توركیا هێنرایە خوارەوە.
لە بەغداد هێزێكی ئەمنیی زۆر لە بەردەم باڵیۆزخانەی توركیا بڵاوكراونەتەوە و ترس هەیە هێرشبكرێتەسەر باڵیۆزخانەكە.
هەروەها مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كاردانەوەی هێرشەكەدا پەیامێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، جارێكی دیكە هێزەكانی توركیا پێشێلكارییەكی زەقیان دژ بە سەروەریی عێراق ئەنجامدا و ڕایگەیاند، عێراق هەموو ڕێكارێك دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی گەلەكەی و مافی هەموو پەرچەكردارێكی هەیە.
لە درێژەی كاردانەوەكاندا، موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر دەستدرێژییەكانی توركیا بە “بێ چاو و ڕوو” ناودەبات و داوادەكات پەیوەندیی دیپلۆماسی لەگەڵ توركیادا كەمبكرێتەوە و فڕۆكەخانە و گەشتە ئاسمانییەكان لەگەڵ توركیادا ڕابگیرێن و سنوورە وشكانییەكان لەگەڵ ئەو وڵاتەدا دابخرێن و ڕێككەوتنی ئەمنیی عێراق و توركیا هەڵبوەشێندرێتەوە و لە نەتەوە یەكگرتووەكان سكاڵا لە دژی توركیا تۆماربكرێت.
سەدر دەڵێت، “دەستدرێژیكردنەسەر پارێزگاكانی باكوور و هەرێم لە ناوخۆ و دەرەوە چیتر مایەی قبوڵكردن نییە”.
هاوكات هەریەك لە قەیس خەزعەلی ئەمینداری گشتیی عەسائیبی ئەهل حەق و ئەبو ئالا وەلائی ئەمینداری گشتیی كەتائیبی سەیدولشوهەدا پەیامیان دژی هێرشەكە بڵاوكردەوە و گروپێكی چەكداریش كە بە “ئەحڕاڕ ئەلعیڕاق” خۆیان ناساندووە، هەڕەشەی هێرشكردنەسەر توركیا دەكەن لە ڕێگەی مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەوە.