دەردراوی كاربۆن بەهۆی سووتانی دارستانەكانەوە ژمارەی پێوانەیی دەشكێنێت

بەهۆی ئەو ئاگرەی لە دارستانەكانی ئیسپانیا و مەغریب كەوتووەتەوە، دەردانی كاربۆن لە حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵدا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵانی ڕابردوو زیادیكردووە.

ئەو بەراوردە لەلایەن خزمەتگوزاریی كۆبرنیكۆس بۆ چاودێریی بەرگەهەوا سەر بە یەكێتیی ئەوروپا بڵاوكراوەتەوە.

ئاگری دارستان چەند ناوچەیەكی لە باشووری ئەوروپا و باكووری ئەفریقا گرتووەتەوە، تائێستا بووەتەهۆی گیانلەدەستدانی سەدان كەس، ناچاركردنی هەزارانی دیكە بۆ جێهێشتنی ماڵەكانیان، سەرەڕای ڕوودانی ژەهراویبوون و دەردانی ئەو گازانەی هۆكارن بۆ قەتیسبوونی گەرما و زیان بە تەندروستی دەگەیەنن.

ئاگر لە ئیسپانیا بووەتەهۆی دەردانی 1.3 ملیۆن تۆن لە دەردراوی كاربۆن لە مانگی حوزەیرانەوە تا 17ی ئەم مانگە. ئەمەش بەرزترین ئاستی دەردانە كە لە هەمان ماوەی هەر ساڵێكی پێشوودا دەرچووبێت لەوكاتەوەی كۆمەڵەی كۆبرنیكۆس دەستی بە تۆماری زانیارییەكان كردووە لە ساڵی 2003ەوە.

لەگەڵ بەردەوامیی بڵێسەی زیاتر لە 30 ئاگر تا ئەمڕۆ سێشەممە، ئیسپانیا ژمارەی پێشوو كە 1.1 ملیۆن تۆن بوو لە دەردانی كاربۆن لە مانگەكانی حوزەیران و تەمموزی 2012، تێپەڕاند.

مارك بارینجتۆن گەورە زانای كۆبرنیكۆس ڕایگەیاند، دەردراوەكان سەبارەت بە ئیسپانیا زۆر بەرزترە لەوەی لەماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا هەبووە.

مەغریب-یش ژمارەیەكی پێوانەیی نوێی تۆماركرد كە دەگاتە 480 هەزار تۆن لە دەردراوی كاربۆن بەهۆی سووتانی دارستانەكانەوە لە حوزەیران و تەمموزی ئەمساڵدا، ئەمەش بەرزترین ژمارەی تۆماركراوە لەهەمان ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو.

كۆبرنیكۆس هەموو دەردراوە كاربۆنەكان بەهۆی سوتانەوە لە ئامارەكانیدا تۆماردەكات، لەنێویشیاندا دووەم ئۆكسیدی كاربۆن و میسان، كە لە گازەكانی هۆكاری قەتیسبوونی گەرمان.

گۆڕانی ئاووهەوا دەبێتە هۆی كەڵەكەبوونی گەرمی ئاووهەوا و وشكبوونەوە، كە لای خۆیەوە دەبێتەهۆی بڵاوبوونەوەی خێرای ئاگركەوتنەوە و بەردەوامیی بڵێسەسەندنی بۆ ماوەیەكی درێژ، ئەمەش واتە دەبێتەهۆی دەردانی زیاتری گازی سەرچاوەی قەتیسبوونی گەرما، كە هۆكارە بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای هەسارەكە و دەركەوتنی هەوای ژەهراوی، ئەمیش كێشە لە دڵ، دەمارە خانەكان و كۆئەندامی هەناسەدان دێنێتە ئاراوە.

سووتانی دارستانەكان بووە هۆی دەردانی 1.76 ملیار تۆن لە كاربۆن لەسەر ئاستی جیهان لە ساڵی 2021دا، دوای پەڕینەوەی كڵپەی ئاگری درێژ مەودا لە ناوچەكاندا و لەنێویاندا سیبریا، ویلایەتە یەكگرتووەكان و وڵاتانی دۆڵی دەریای سپیی ناوەڕاست.

بابەتی پێشتر

قەرەیلان مەترسییەكی توركیا لەسەر هەرێمی كوردستان ئاشكرادەكات

بابەتی دواتر

وەزارەتی كارەبا: نزیكەی 64 هەزار سەرپێچی سەر تۆڕی كارەبا دەستنیشانكراون

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تەنها بەفری لێباریوە.. بۆ یه‌كه‌مینجار باران له‌ لوتكه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كانی گرینلاند باری

گۆڕانكارییەكانی كەشوهەوا تەنها بە توانەوەی بەستەڵەكەكانەوە نەوەستا، كەشوهەوای دوورگەی گرینلاندیشی گۆڕیوە، بەشێوەیەك، بۆ یه‌كه‌مینجار باران له‌ لوتكه‌ی به‌سته‌ڵه‌كه‌كانی…
Total
0
Share