حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ماوەی لێخۆشبوونی باج لەسەر ماددە خۆراكییەكان تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ درێژبكاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری بڵاویكردووەتەوە، حكومەتی هەرێم بڕیاریدا ماوەی لێخۆشبوونی گومرگی لەسەر بەرهەم و پێداویستییە خۆراكییەكان تاوەكو كۆتایی مانگی ئەیلولی ئەمساڵ درێژبكرێتەوە.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، بەپێی بڕیاری ژمارە 159ـی ئەنجومەنی وەزیران، ماوەی كاركردن بە سەرجەم بڕگەكانی بڕیاری ژمارە 140ـی ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە ئاسانكاریی بۆ دابینكردنی پێداویستییە خۆراكییە سەرەكییەكان تاوەكو 30ی ئەیلولی ئەمساڵ درێژ كراوەتەوە بە مەبەستی ڕێگریكردن لە گرانبوونی نرخی شمەك و ماددە خۆراكییەكان.
ئاماژە بەوەشكراوە، تیمەكانی چاودێریی بازاڕ و لیژنەكانی قائیمقامیەت و ئاسایشی بازرگانی لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان ڕاسپێردراون بۆ بەردەوامبوون لە چاودێریكردنی بازاڕ و ڕێگرتن لە بەرزبوونەوەی نرخی ماددە خۆراكییەكان لەسەر هاوڵاتییان.