لە زاری ئەبوبەكر هەڵەدنییەوە..‏
كام وەزیرانە بێزیان نایەت وەڵامی تەلەفۆن بدەنەوە؟

ئەبوبەكر هەڵەدنی ناوی ئەو وەزیرانە ئاشكرادەكات كە لە كابینەی نۆدا “وەزیری باشن” و وەڵامی تەلەفۆنی هاوڵاتییان و پەرلەمانتاران دەدەنەوە، ڕەخنە لەو ڤیدیۆیانەش دەگرێت كە وەزیرەكان بڵاویدەكەنەوە و دەڵێت، “پێویست بەوە ناکات شانامەی چالاکییەکانت بخوێنیتەوە”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی پەرلەمانتاری یەكگرتووی ئیسلامی، لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسینێكی بڵاوكردووەتەوە و ڕەخنە لەو ڤیدیۆیانە دەگرێت كە وەزیرەكانی كابینەی نۆیەم بڵاویدەكەنەوە و باسی كار و چالاكی و چاكسازییەكانیان دەكەن.

هەڵەدنی نووسیویەتی، “وەزیری بەڕێز، پێویست بەوە ناکات شانامەی چالاکییەکانت بخوێنیتەوە، بەڵکو ئەوەی پێویستە ئەوەیە كە هاوڵاتی بەئاسانی دەستی بە ئێوە بگات و بە بنیادەمی بزانن، ئەو ئەڵقە و تەوقەی لە دەورتانە بیشکێنن بەناوی بەڕێوەبەری مەکتەب و نووسینگە، کە دایبڕیون و هەست بە ئازاری ئەو هاوڵاتییە ناکەن کە بەدوای مامەڵەکەوەیەتی، لەوەش گرنگتر زوو وەڵامدانەوەی داواکاری و کێشەی ئەوانەیە كە دەنگیان بەئێوە دەگات”.

پەرلەمانتارەكەی یەكگرتوو دەشڵێت، “هەرێمێکی پێنج شەش ملیۆنی و چوار پارێزگا، کە بە ئەندازەی ناحیەیەکی وڵاتی چینە، مانای نییە ڕۆتین ومەحسوبیەت و واسیتە ببێتە هۆی   هیوابڕاوکردنی هاونیشتمانییەکانی”.

هەڵەدنی چیرۆكێكیشی گێڕاوەتەوە، نووسیویەتی، “هاوڕێیەکم بەناوی (ئاسۆ فاتح) زیاتر لە 86 جار لە سلێمانییەوە بۆ هەولێر هاتوچۆ دەکات بۆیەک مامەڵە، خۆم سێ جار لەخزمەتیدا چوومە لای هەردوو وەزیری پەیوەندیدار لەم خولە و خولی پێشووی پەرلەمان، ئێستاش وەڵام نەدراوەتەوە، دواجار نزیکەی دوو مانگێک پێش ئێستا بە جەنابی وەزیر و هاوکارەکەیم وت لە پەرلەمان، مانای هەیە 86 جار وەڵامی هاوڵاتییەک بە بوون و نەبوون نەدرێتەوە؟ ووتی بەدواداچوونی بۆ دەکەم”.

ئەبوبەكر هەڵەدنی ناوی چەند وەزیرێكی “باش”یشی هێناوە و دەڵێت، “هەڵبەت وەزیری پەروەردە، کشتوکاڵ، خوێندنی باڵا و کۆمەڵایەتی، لە وەزیرە باشەکانن لەوەڵامدانەوە و تەلەفۆن هەڵگرتن، بەڵام ئەوانەی تر بێزیان نایات تەلەفۆنی ئێمەش هەڵگرن، لەکاتێکدا ئێمە بە قانون پلەکەمان وەزیرە و چاودێریی ئەوان دەکەین”.

بابەتی پێشتر

عێراق هەناردەكردنی نەوتی زیادكرد

بابەتی دواتر

ئێران ئاوی زێی بچوكی بەردایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share