دوای تۆمارە دەنگییەكان.. مالكی بەرەو عومان هەڵاتووە؟

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێكی دیكەی دەنگیی مالكی، دەنگۆی هەڵهاتنی بەرەو سوڵتاننشینی عومان بڵاوبووەوە، سەرچاوەیەكی ئاگاداریش ڕاستییەكەی ئاشكرادەكات.

دوێنێ تۆماری دەنگیی چوارەمی نوری مالكی سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بڵاوكرایەوە و بەراورد بە تۆمارە دەنگییەكانی دیكە، قسە و تیڕوانینی مەترسیدارتری تێدایە و بەڕوونی ئاماژەی بە ئەگەری شەڕ كردووە، ئەمە جگە لە لێدان لە كەسێتیی موقتەدا سەدر.

پاش بڵاوبوونەوەشی هەواڵی ڕۆیشتنی مالكی بەرەو شوڵتاننشینی عومان بڵاوبووەوە، بەڵام سەرچاوەیەكی نزیك لە سەرۆكی دەوڵەتی یاسا ئەو دەنگۆیەی ڕەتكردەوە و ڕایگەیاند، “ئەو جۆرە هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە، مالكی لە ماڵەكەیەتی لە بەغداد و، بۆ هیچ وڵاتێك جێینەهێشتووە”.

سایتی بەغداد لیەوم لە زاری سەرچاوەكەوە ئەوەشی وت، “لایەن هەیە (كە ناوی نەهێنا) هەوڵ بۆ سوودوەرگرتن لە دۆخی سیاسی دەدات بۆ بڵاوكردنەوەی دەنگۆی ناڕاست و وروژاندنی ڕای گشتی و تێكدانی هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق”.

لە دوا تۆماری بڵاوبووەیدا مالكی دەڵێت، “قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕە، بە مستەفا کازمیشم وتووە قۆناغی داهاتوو قۆناغی شەڕکردنە، موقتەدا سەدر هاتووە دەیەوێت بکوژێت و سەرببڕێت، بۆیە هەر کەس بەرگری لە خۆی بکات، منیش بەرگری لە خۆم دەکەم، قسەم لەگەڵ هەمووشیان (مەبەستی سەركردەكانی عێراقە) کردووە کە بابەتەکە شەڕە”.

هۆشداریی ئەوەی داوە، كە “عێراق لە بەردەم جەنگێکی وێرانکەردایە، کەس لێی دەربازنابێت، تەنها بە خستنی پڕۆژەکەی سەدر و حەلبوسی و بارزانی نەبێت”.

مالكی پێیوایە، “موقتەدا سەدر یەکەم کەس كە بیكاتە ئامانج منم، بەڵام ڕێگانادەم عێراق و شیعە بکەوێتە دەستی موقتەدا سەدر”، دیارە متمانەی بە هێزە ئەمنییەكان و سوپا نییە و لە تۆمارە دەنگییەكەدا دەڵێت، “ئەگەر وەزارەتی ناوخۆ دەستەوەستانە، من دەستەوەستان نابم، سوپا و پۆلیس پشتیان پێنابەسترێت و هیچ شتێک ناکەن، پێویستمان بە چەکە، متمانە نە بە سوپا، نە بە پۆلیس ناکەم و خۆم بەرگری لە خۆم دەکەم”.

سەرۆكی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا نەیشاردووەتەوە كە خەریكی دروستكردنی گروپی چەكدارە و دەڵێت، “ئێستا من 10 بۆ 15 گروپی چەکدار دروستدەكەم، تا ئامادەی قۆناغی پێویست بن”.

تەنانەت مالكی پێشبینیی ئەوەی كردووە كە سەدر هێرش بكاتەسەر مەرجەعییەت، بۆیە دەڵێت، ئەگەر ئەو كارە بكات “لەوانەیە هێرش بکەمە سەر نەجەف”.

نوری مالكی قسە لەبارەی سەدریشەوە دەكات، لە تۆمارە دەنگییەكەدا وتوویەتی، “موقتەدا سەدر سێ سیفاتی ناشرینی تێدایە، هەرچەندە خۆی ترسنۆکە بەڵام حەزی بە خوێنڕشتنە، حەزی بە پارەیە و دەیەوێت هەموو وڵات بە تاڵان ببات، حەزی بە دەسەڵاتە و دەیەوێت ئەو خاوەنی هەموومان بێت”.

بابەتی پێشتر

فڕۆکەیەک ئاگری گرت و سەرجەم سەرنشینەکانی گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

ڕووداوێكی سەختی هاتوچۆ لە زاخۆ ڕوویدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share