لیژنەی دارایی دوا هەوڵەكان لەبارەی پرۆژەیاسای بودجە ئاشكرادەكات

پەرلەمانتارێكی عێراقی رایدەگەیەنێت، هەوڵ بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان لە بودجەی گشتیدا دەدەن و پێشبینی خۆیشی بۆ وادەی پەسەندكردنی یاساكە ئاشكرادەكات.

موعین كازمی، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا لە لیژنەی دارایی هەوڵی جددی دەدەین بۆ كەمكردنەوەی بودجەی بەكاربردن لە بواری خزمەتگوزارییەكانی شمەك و هەندێك پێویستی بەكاركردن، كە لە هەندێك لە وەزارەتەكاندا زیادیكردووە بۆ كەمكردنەوەی كورتهێنان بە نزیكەی 25 ترلیۆن دینار لە كۆی گشتیی كورتهێنان كە زیاترە لە 64 ترلیۆن.

وتیشی، “پێشبینی دەكەن بودجە لە مانگی داهاتوودا پەسەندبكرێت، دواتریش حكومەت رێنماییەكانی جێبەجێكردنی دەربكات و خەرجكردن لە سەرەتای تەمموزی داهاتوودا دەستپێبكات، بەهۆی ئەوەی خەرجیش لەو رێككەوتەدا دەستپێدەكات، پێشبینی دەكەن كۆی گشتی بودجە بۆ 170 ترلیۆن دینار كەمبكرێتەوە”.

ئەگەریش لیژنەی دارایی بتوانێت بودجەی بەكاربردن بەڕێژەی 20-25 كەمبكاتەوە، ئەمە مانای وایە خەرجی لە سنووری 150 ترلیۆن دیناردا بێت، ئەمەشە هەوڵی بۆ دەدەن، وەك ئەوەی ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەكە بۆ میدیای فەرمیی عێراق ئاماژەی پێدا.

دەربارەی چۆنیەتی دەستەبەركردنی داهاتی زیاتری نانەوتی لە بودجەدا كازمی وتی، حكومەت لە پرۆژەكەدا بڕی 17 ترلیۆن دیناری وەك داهاتی نانەوتی دیاریكردووە، ئەمەش كەمە بەراورد بە داهاتە نەوتییەكان، لێرەوە پێویستە لەسەر حكومەت، فراكسیۆنە سیاسییەكان و گەلی عێراق بەشێوەیەكی گشتی هەماهەنگیی نیشتمانی بكەن بۆ دەروازەی دیكەی بودجەی دەوڵەت لە بوارەكانی كشتوكاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار، وەبەرهێنان و كەرتی تایبەت بەمەبەستی بەرزكردنەوەی ئاستی داهاتی نانەوتی و پاڵپشتیی بودجەی وڵات.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

محەمەد شیاع سودانی: بەردەوامین لە هەوڵەکان جیاكردنەوەی پرسی مووچە لە سەرجەم پرسە داراییەكانی دیكە

لە کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی، محەمەد شیاع سودانی جەختیکردەوە، لە هەوڵەکانیان بۆ هەموارکردنەوەی یاسای بودجە و جیاکردنەوەی…
زیاتر ببینە

دیارترین خاڵەكانی رێككەوتن و هەماهەنگی نێوان عێراق و ئەمریكا ئاشكراكران

عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكان سووربوون لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییە ستراتیژییەكان لەپێناو بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان و بەرژەوەندییە هاوبەشەكان لە سەقامگیریی هەرێمایەتی…
Total
0
Share