سەرۆكی ڕەوتی سەدر داوا لە شوێنكەوتووانی ڕەوتەكەی دەكات ئامادەبن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر داگیركارییەك، وەستانەوە دژ بە تیرۆر و حزبی بەعس لە حاڵەتی سەرلەنوێ دەركەوتنەوەی لە وڵات، هۆشداریشدەدات لە ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی عێراق و ئیسرائیل.
موقتەدا سەدر سەرۆكی ڕەوتی سەدر شەوی ڕابردوو ڕاگەیەندراوێكی 13 خاڵی ئاراستەی شوێنكەوتووانی ڕەوتەكەی كرد، پاش ئەو نوێژەی ڕۆژی هەینی لە بەغداد ئەنجامدرا و جەختیكردەوە لەسەر “وەستانەوە دژ بە گەندەڵی بە شێوازێكی ناوەندی نەك بە هەڵسوكەوتی كەسی”.
داواشی لە شوێنكەوتووانی كرد “ئامادەبن بۆ قوربانیدان دژ بە داگیركاری” و بەربەستێكی توندوتۆڵ بن “دژ بە ئاساییكردنەوە كە وردە وردە نزیكدەبێتەوە”.
سەدر داواشیكرد، توندوتیژی دژ بە كەمینە، پێكهاتە و تایفەكان بوەستێندرێت و كار لەسەر نزیككردنەوەی بیروبۆچوونەكان بكرێت.
داواشیكرد، “چاوپۆشی نەكرێت لە مەترسیی تیرۆر و بەعسی تاوانكار و ئامادەكاریی بكرێت بۆ وەستانەوە دژیان ئەگەر بیر لە پیسكردن”ی عێراق بكەنەوە.
ڕۆژی هەینی-ش مەحمود ئەلجیاشی بەناوی موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی سەدر لە وتارێكدا بۆ نوێژخوێنان ڕایگەیاند، “لە دووڕیانێكی ئاڵۆزداین” و وتی، دەبێت چەك تەنها لە دەستی حكومەتدا بێت و نابێت ئەو كەسانە بگەڕێنەوە دەسەڵات كە مایەی كارەساتی سپایكەر بوون و وتیشی “تاقیكراوە، تاقیناكرێتەوە و دەبێت ئەوانەی حكومەت پێكدەهێنن بە ڕێگای دیبلۆماسی داگیركەران لە وڵات دەربكەن”.
هاوكات لە وتارەكەیدا كە بەناوی موقتەدا سەدرەوە خوێندییەوە ڕایگەیاند، مەرجەعییەت دەرگای بەڕووی سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا داخستووە و ئێمە نابینە وتەبێژی مەرجەعیەت و دەبێت ڕێگری لە خەڵكانی چاوچنۆك و هەلپەرست بكرێن.
سەدر جەختیكردەوە كە دەبێت دەستوەردانی دەرەكی لە عێراقدا كۆتایی پێبێت و گروپە چەكدارەكان هەڵبوەشێتەوە و كاتی ئەوە هاتووە كۆتایی بە تاقمەگەری لە وڵات بهێندرێت.
موقتەدا سەدر داواشیكرد، حەشدی شەعبی لە بازرگانی و سیاسیەت دووربخرێتەوە.