هاندەرانی ئارسیناڵ دەگەڕێنەوە و یاریگاکانی مانچستەر بە داخراوی دەمێننەوە

هەفتەی داهاتوو هاندەرانی ئارسیناڵ دەگەڕێنەوە بۆ یاریگای ئیماراتس

وەزارەتی تەندروستی بەریتانیا لەڕووی تەندروستییەوە پلەبەندی شارەکانی کردووە و چەند یانەیەک ڕێگەی گەڕانەوەی هاندەرانیان پێدەدرێت.

بڕیارە لە دووی کانونی یەکەمی 2020 حکومەتی بەریتانیا ڕێوشوێنی نوێ بۆ پاراستنی هاوڵاتیانی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بگرێتەبەر، بۆ ئەم مەبەستەش پۆلبەندی شارەکانیان کردووە بەپێی ئاستی توشبوون و تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆنا تیایاندا.

مات هانکوک، وەزیری تەندروستی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، کە شارەکان بە پێی ڕێژەی توشبوون و پارێزراوییان پۆلبەندی کراون بەسەر سێ پلەدا، پلەی یەکەم، دووەم و سێیەم، ئەو یانانەی دەکەونە ناوچەی پلە یەکەوە ڕێگەی گەڕانەوە بە هاندەرانیان دەدرێت بە ڕێژەی چوار هەزار هاندەر، پلەی دوو ڕێگەی گەڕانەوە بە دوو هەزار هاندەر دەدرێت و ئەو شارانەش کە دەکەونە پلەی سێیمەوە بەهۆی مەترسی دۆخەکە و بەرزی ڕێژەکانی توشبوون تیایاندا دەرگای یاریگاکان بە داخراوی دەمێننەوە.

یانەی ئارسیناڵ و یانەکانی شاری لەندەن، ئەو یانانەی دەکەونە باشووری بەریتانیاوە ڕێگەیان پێدەدرێت 2000 لە هاندەرانیان لەناو یاریگا ئامادەبێت، ئەم بڕیارە چێڵسی و ئارسیناڵ و تۆتنهام و ویستهام یونایتد و فولهام دەگرێتەوە.

بڕیارە هەفتەی داهاتوو (3/12) لە چوارچێوەی ڕوبەڕوبوونەوەکانی یوروپا لیگ و لە یاری نێوان ئارسیناڵ و ڕاپید ڤیێن ڕێگە بە گەڕانەوەی دوو هەزار هاندەری گانەرز بدرێت، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد و سیتی ڕێگەیان پێنادرێت بۆ ڕوبەڕوبوونەوەکانی چامپیۆنزلیگ هاندەرانیان بگەڕێننەوە ناو یاریگاکانی ئۆڵدترافۆرد و ئیتیحاد، بەهەمان شێوە یانەی لیڤەرپوڵ لە ململانێکانی پریمەرلیگ لە پێنجی کانونی یەکەم بەرانبەر وڵڤەرهامپتن هاندەرانی ئامادەدەبێت.

بۆ قەرەبووکردنەوەی لەدەستدانە داراییەکان، یانەکانی پریمەرلیگ بۆ هەر یارییەک پێویستیان بە گەڕانەوەی دە هەزار هاندەرە، بڕیاری بەشداریکردنی بەشێک لە هاندەرانیان دوای هەشت مانگ دابڕان تا ڕادەیەک لە زیانەکان کەمدەکاتەوە.

بابەتی پێشتر

بە ناردنی پشكی هەرێم كێشە بۆ كازمی دروستدەبێت

بابەتی دواتر

یەکێک لە کاندیدەکان بۆ سەرۆکایەتی بارسا بەڵێنی گەڕانەوەی نێیمار دەدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share