دوای چەند ڕۆژێك لە خۆپیشاندانی سریلانكییەكان، ئەمڕۆ سەرۆكی وڵاتەكە ناچاربوو كۆشكی سەرۆكایەتی لە پایتەخت بەجێبهێڵێت.
چەند ڕۆژێكە لە کۆلۆمبۆ-ی پایتەخت و چەند گەورەشارێكی دیکەی سریلانکا خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دژی حكومەت و دەسەڵاتی وڵاتەكە دروستبووە، هۆكاری سەرەكیی خۆپیشاندانەكان بەرزبوونەوەی نرخەكانی سووتەمەنی و خۆراكە.
ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆری خۆپیشاندەران لەبەردەم كۆشكی سەرۆكایەتیی وڵاتەكە كۆببوونەوە، داوای دەستلەكاركێشانەوەی “گوتابایا ڕاجاپاکسا”ی سەرۆكی وڵاتەكەیان دەكرد، بەو پێیەی بە هۆكاری سەرەكیی گرفتەكانی دەزانن.
ئاستی توڕەیی خۆپیشاندەران گەیشتە ڕاددەیەك، سەرۆكی سریلانكا ناچار بوو كۆشكی سەرۆكایەتی بەجێبهێڵێت، سەرەڕای ئەوەی هێزێكی زۆری ئەمنی لە دەوروبەری كۆشكەكە بڵاوەیانپێكرابوو.
میدیای سریلانكا هەڵوێستی سوپای وڵاتەكەی دووپاتكردووەتەوە بەوەی تا ئێستا پشتگیری لە “گوتابایا ڕاجاپاکسا” دەكەن وەكو سەرۆكی وڵاتەكە.
پێدەچێت لە چەند كاتژمێری داهاتوودا كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی سریلانكا كۆبوونەوەی لوتكە و بەپەلە ئەنجامبدەن و هەوڵی دەرچوون لە گرژییەكانی وڵاتەكە بدەن.