پاكستان سزای خەساندن بەرامبەر دەستدرێژیكاران جێبەجێدەكات

عومران خان هانی جێبەجێكردنی توندترین سزا بەرامبەر تاوانكاران دەدات

سەرۆكوەزیرانی پاكسان ڕەزامەندی لەسەر یاسایەكی نوێ نیشاندا كە ڕێگەدەدات بە خەساندنی كیمیایی (لەپیاوەتی خستن)ی تاوانبارانی دەستدرێژی سێكسی.

عومران خان، سەرۆكوەزیرانی پاكستان (تەمەن 68 ساڵ) لە كۆبوونەوەیەكی ئەنجومەنی وەزیرانی وڵاتەكەی ڕەزامەندییەكەی دەربڕی دوای ئەوەی وەزارەتی یاسا پرۆژەیاسای ڕیشەكێشكردنی دەستدرێژی سێكسی پێشكەشكرد.

لە وتەیەكیشیدا عومران خان ئاماژەی بە مەترسییەكانی دەستدرێژی كرد و وتی، “هیچ لێبوردنێك و دواخستنێك ناكرێت.. پێویستمان بە زامنكردنی ژینگەیەكی ئارامە بۆ هاوڵاتییان”. ئەوەشی ڕوونكردەوە، یاساكان ڕوون و ئاشكرا و گشتگیر دەبن و جێبەجێكردنیشیان یەكلاكەرەوە دەبێت.

دوپاتیشیكردەوە كە “قوربانیان دەتوانن بەبێ ترس سكاڵاكانیان پێشكەش بكەن، چونكە حكومەت كار لەسەر پاراستنیان دەكات و ناسنامەشیان ئاشكراناكات”.

بەمدواییە ڕای گشتی پاكستان لەسەر ڕوداوێك هاتەدەنگ بەهۆی ڕفاندن و دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر دایكێك و كچە چوار ساڵانەكەی پاش دەستبەسەركردنیان بۆ ماوەی دوو هەفتە لەدوای هەڵخەڵەتاندنی بە بەڵێنی ناڕاست سەبارەت بە كاركردن.

سەرەتای گرفتی ژنە قوربانییەكە بەوە دەستیپێكرد كە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكاندا چاوی بە سێ پیاو كەوت و بڕوایان پێهێنا كە بڕە پارەیەكی زۆری پێدەدەن لەبەرامبەر ئەنجامدانی كاردا.

بەشێوەیەكی گشتی دەستدرێژیكارانی تاوانبار لە پاكستان ڕوبەڕووی سزای بەندكردن دەبنەوە كە دەگاتە 25 ساڵ یان سزای لەسێدارەدان دەیانگرێتەوە، بەڵام ڕادەستكردنی تاوانكاران بە دادگا لەبەردەم ئاستەنگی ڕێوشوێن و پڕۆسە دادوەرییە زۆر خاوەكاندایە.

پێشتر لەدوای تاوانی دەستدرێژی بۆ سەر ژنێك لەسەر ڕێگای شاری لاهور، خان پێشنیاریكرد دەستدرێژیكاران لە شوێنێكی گشتیدا لەسێدارەبدرێن یان بە نەشتەرگەری بخەسێندرێن.

ئەو ژنە لەبەردەم دوو منداڵە بچوكەكەیدا ڕوبەڕووی دەستدرێژی بەكۆمەڵ بووەوە، پاش هێرشكردنەسەری كاتێك ئۆتۆمبێلەكەی لەسەر ڕێگای خێرا بانزینی لێبڕا، بەڵام لەجیاتی پێشكەشكردنی هاوكاری دوو پیاو هێرشیانكردەسەر ئۆتۆمبێلەكەی و جامەكانیان شكاند، بەر لەوەی ژن و دوو منداڵەكەی بگوازنەوە بۆ كێڵگەیەكی نزیك و دەستدرێژی سێكسی بكەنەسەر.

لەكاتێكی پێشتریشدا دادگایی پیاوێك كرا كە دەستدرێژی كردبووەسەر 30 منداڵ لەمیانەی كاركردنیدا لەگەڵ “ڕێكخراوی ڕزگاركردنی منداڵان” و لەسەر تاوانەكەش سزای لەسێدارەدانی بەسەردادرا.

تاوانبارەكە سێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردادرا و بڕیارە بەمنزیكانە لەسێدارەبدرێت، وەك ئەوەی بەرپرسان ڕایانگەیاندووە.

بابەتی پێشتر

بەهای نەوت پێنج ڕۆژی لەسەر یەكە بە بەرزبوونەوە دەستپێدەكات

بابەتی دواتر

ڤیلاش بواش بۆ ڕیزلێنان له‌ مارادۆنا پێشنیازێکی سه‌یر بۆ (فیفا) ده‌کات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share