مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرۆكایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەوە

مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بە سەرۆكایەتی بافڵ جەلال تاڵەبانی كۆبووەوە و پێداگری لەسەر ئیستیحقاقی سەرۆک کۆمار و کاندیدی پەسەندکراوی خۆی بۆ ئەو پۆستە دووپاتکردەوە.

‎ئەمڕۆ 8ی تەمموز مەکتەبی سیاسی بە سەرۆکایەتیی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا.

‎بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، لە سەرەتادا سەرۆکی یەکێتی کورتەیەکی لەسەر دواهەنگاوەکانی وەفدی دانوستانی یەکێتی لە بەغداد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق، باڵیۆز و نوێنەرایەتی وڵاتان پێشکەشکرد و ئاماژەی بەوەدا، هەموو لایەنەکان لەسەر سیاسەتی ڕاست و دروستی یەکێتی کۆکن کە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ داکۆکی لە پرەنسیپەکانی سازان، هاوسەنگی و شەراکەت دەکات و ئەم پرەنسیپانەش درێژەدانە بە هەمان سیاسەتی سەرۆک مام جەلال لە سەردەمی زێڕینی ڕۆڵی کورد لە بەغداد.

‎کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی یەكێتی هەڵوەستەی لە ئاستی ڕەوشی دیالۆگی یەکێتی و هێز و لایەنە عیراقییەکان کرد کە بەهۆی یەکڕیزی، یەکئاڕاستەیی و یەکدەنگی حزبییەوە ئەمڕۆ بە سەربەرزییەوە ماڵی سەرۆک مام جەلال لە بەغداد بووەتە شوێنی پێکگەیشتنی ئاڕاستە، دید و بۆچوونە جیاوازەکان و دیدارەکانی بافڵ جەلال تاڵەبانی درێژەی هەمان کەلتووری سەنگینی سەرۆک مام جەلالە بۆ دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندی نێوان پێکھاتەکان و پاراستنی ئیستحاقە دەستورییەکانی گەلەکەمان لە عێراقی نوێ، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

‎ڕاشیگەیاند، گفتوگۆ لەسەر دۆخی ژیان و گوزەرانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرا و لەمبارەیەوە وێڕای پشتیوانی لە چاکسازییە حزبی و حکومییەکان و پشتیوانی لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان و تیمی یەکێتی لە حکومەت، تەئکیدکرایەوە کە پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق و سەنگی سیاسەتی یەکێتی لە پایتەختی فیدراڵی ڕێ بۆ باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی هەرێمی کوردستان خۆشتر دەکات بەوپێیەی هاوکات لەگەڵ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغداد دۆسییەكانی وەک بودجە، مووچە و شایستەکانی دیكە گەلەکەمان لە دۆخی کەرکوک و ناوچە دابڕاوەکان کە بەشێکی دانەبڕاوی سیاسەتی یەکێتییە، بەرەو چارەسەر ھەنگاو دەنێت.

لە کۆتاییشدا مەکتەبی سیاسی “پێداگری یەکێتی لە ئیستیحقاقی سەرۆک کۆمار و کاندیدی پەسەندکراوی خۆی بۆ ئەو پۆستە دووپاتکردەوە و تەئکیدیشی لەسەر پێویستی پێکهێنانی حکومەتێکی هاوسەنگ، تەوافوق و خزمەتگوزار کردەوە کە مەبەستی سەرەکی لە پێکهێنانی ئەو حکومەتەش خزمەتکردنی هاوڵاتییان و باشترکردنی ژیان و گوزەرانیان بێت”.

بابەتی پێشتر

پلاسخات داوای قوربانی لە سیاسییەكان دەكات

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: ئەركی هەموومانە بە ڕۆحی نیشتمانی و بەرپرسیارانە كاربكەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share