بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە تەقەی لە هاوڵاتییەك كردووە و برینداری كردبوو.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كە تەقەی لە هاوڵاتییەك كردووە و برینداری كردبوو.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای ئەوەی دەنگی تەقە لە گەڕەكی كەڵەكن لە شاری سلێمانی بیسترا، دەستبەجێ مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی كوردسات گەیشتنە شوێنی ڕووداوەكەو دەركەوت بەهۆی شەڕەوە تۆمەتبارێك هاوڵاتییەكی بە فیشەك برینداركردووە و هەڵاتووە.
ئاماژە بەوەشكراوە لەلایەن هێزەكانی پۆلیس و تیمە فریاگوزارییەكانەوە بریندارەكە بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و لێكۆڵینەوەكانی پۆلیس بۆ دەستگیركردنی تۆمەتبار دەستیپێكرد و توانرا لە ماوەیەكی كەمدا تەقەكەرەكە دەستگیركرا كە لەدایكبووی ساڵی 1997 بووە و بە بڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 405/31 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە.