وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم ڕوونكردنەوە لەبارەی پێدانی كارەبای نیشتمانی بە هاوڵاتییان لە ڕۆژانی جەژندا دەدات و جەختدەكاتەوە لەئێستادا بە تێكرا 15 بۆ 17 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتییان و چاوەڕواندەكرێت لە ڕۆژانی جەژندا كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاتر بكرێـت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم لە لێدوانێكدا بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمێنانی كارەبای نیشتمانی 3 هەزار و 500 مێگاواتە و خواست 4 هەزار و 500 مێگاواتە بە تێكرا ڕۆژانە 15 بۆ 17 كاتژمێر كارەبای نیشتمانی دەدرێتە هاوڵاتییان.
ئاشكرایكرد، لە ڕۆژانی جەژندا بەشێكی زۆری فەرمانگە حكومییەكان و ناوەندە بازرگانییەكان كارەبای نیشتمانی بەكارناهێنن و ئەو بڕە كارەبایە دەگەڕێتەوە بۆ تۆڕەكانی كارەبای نیشتمانی و دەدرێتە هاوڵاتییان.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر ناوچەیەك 17 كاتژمێر كارەبای پێبدرێت بۆ ڕۆژانی جەژن دەتوانرێت یەك كاتژمێر كارەبای نیشتمانی زیاتریان پێبدرێت.