نزیكەی 10 هەزار كەسیان گواستووەتەوە
هەڵمەتێك دژ بە تۆڕێكی قاچاخچییانی كورد دەستیپێكرد

هەڵمەت دژ بە تۆڕێك كە بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە قاچاخچییانی كوردی عێراقی پێكدێن و لە 12 مانگی ڕابردوودا نزیكەی 10 هەزار كەسیان بەرەو بەریتانیا گواستووەتەوە لە پێنج وڵاتی ئەوروپی دەستیپێكرد.

هەڵمەتەكە ئەمڕۆ سێشەممە لە پێنج وڵات و لەنێویاندا ئەڵمانیا و فەرەنسا دەستیپێكرد، وەك ئەوەی پۆلیسی ئەڵمانیا بڵاویكردەوە.

تۆڕەكە كاری پەڕینەوەی ئەو كۆچبەرانەیان ڕێكخستووە كە خواستی گەیشتنە بەریتانیایان هەبووە لەڕێی كەناڵی مانش، وەك ئەوەی گۆڤاری (دیر شپیگڵ)ی ئەڵمانی بڵاویكردووەتەوە.

پۆلیسی ناوچەی ئەوسنابرۆك-ی ئەڵمانی لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، هەڵمەتەكانی “هەڵكوتانەسەر و دەستگیركردن” لە چەند ناوچەیەكی ئەڵمانیا ئەنجامدراون، لەوانەش ناوچەی سەكسۆنیای خواروو.

ئەوسنابرۆك كە دەكەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا بە بنكەی پشتەوەی تۆڕەكانی بەقاچاخبردن بەرەو بەریتانیا دادەنرێت، وەك ئەوەی بەرپرسێكی پۆلیسی سنووری فەرەنسا لە نیسانی ڕابردوو ئاماژەی پێدا.

سەرەڕای ئەڵمانیا و فەرەنسا، هەڵمەتەكە لە بەلجیكا، هۆڵەندا و بەریتانیا ئەنجامدەدرێت و بۆ ئەوەش سەدان پۆلیس خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

ڕێكخستنی هەڵمەتەكە لەنێوان ئەو وڵاتانەی ئەوروپادا لەڕێی ئاژانسی پۆلیسی یۆرۆپول و ئاژانسی هەماهەنگیی دادوەری (یۆرۆجسن)ی سەر بە یەكێتیی ئەوروپاوە بووە.

وردەكاریی زیاتر ئاشكرانەكراوە، بەڵام گۆڤاری (دیر شپیگل) لە زاری پۆلیسی ئەوسنابرۆك گواستیەوە، تۆڕەكە بەشێوەیەكی بنەڕەتی لە قاچاخچییانی كوردی عێراق پێكدێت و لە ماوەی 12 مانگ تا 18 مانگی ڕابردوودا كاری پەڕاندنەوەی نزیكەی 10 هەزار كەسیان بە بەلەمی چوپ بەرەو بەریتانیا ئەنجامداوە.

لە نیسانی ڕابردوو ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێكی پۆلیسی فەرەنساوە بڵاویكردەوە، ڕەوەندی كورد بیرۆكەی بەلەمی بچوك-یان هێناوەتە ئارا كە لە ساڵی 2019دا سەریهەڵداوە، لەوكاتەوە بەلەم، شوێنی بارهەڵگری لە سەرجەم هەوڵەكانی گەیشتن بە بەریتانیا گرتووەتەوە.

هەوڵەكانی ئەو كۆچبەرانەی دەیانەوێت خۆیان بگەیەننە بەریتانیا لەڕێی كەناڵەكەوە لە نیوەی یەكەمی ساڵی 2022دا بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەتەوە پاش ساڵێكی (2021) پێوانەیی، بەپێی وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا.

لە ساڵی 2021دا 52 هەزار كەس لەڕێی بەلەمی بچوكەوە هەوڵی پەڕینەوەیان بە كەناڵەكەدا دا، لەنێوان كالیە و دۆنكیرك، 28 هەزاریان سەركەوتووبوون، وەزارەتی ناوخۆی فەرەنسا وادەڵێت.

بابەتی پێشتر

حەوت ملیۆن كەس لە یەك وڵات هەڕەشەی مردنیان لەسەرە

بابەتی دواتر

پاڵەوانێکی ئەمریکی لە ڕوسیاوە داوای یارمەتی لە بایدن دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share