ئیسرائیل ڕێنمایی دەداتە سوپاکەی بۆ ئامادەییان لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران

سەرکردە سیاسییەکانی ئیسرائیل، لەم هەفتانەی کۆتاییدا ڕێنماییان داوەتە سوپای وڵاتەکەیان تاوەکو ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری سیناریۆی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران بەرلەوەی دۆناڵد ترەمپ کۆشکی سپی بەجێبهێڵێت.

میدیاکانی ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم بڵاویانکردەوە، گەورە بەرپرسانی ئیسرائیل و لەناویشیاندا بێنی گانتسی وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە دوو هەفتەی ڕابردوودا چەند جارێک گفتوگۆیان لەگەڵ کریستۆڤەر میللەری وەزیری بەرگریی ئەمریکا بە وەکالەت کردووە و هەموو جارەکانیش قسەیان لەبارەی ئێران و دۆخی سوریا کردووە.

بەرپرسانی ئیسرائیل لەسەر بنەمای زانیاری یان باوەڕی تەواو داوای ئامادەکارییان لە سوپای وڵاتەکەیان نەکردووە، بەڵکو پێیانوایە دەبێت سوپای ئیسرائیل بەتەواوی ئامادەبێت لە ئەگەری ڕودانی سیناریۆیەکی لەوجۆرەدا.

میدیاکان ئاماژەیان بەوەشکردووە، ترسی ئیسرائیل لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە لە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆسەر ئێران، کۆماری ئیسلامی ڕاستەوخۆ هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل و تۆڵە بکاتەوە یان لە ڕێگەی هێزەکانی سەربە ئێران لە سوریا و لوبنان تۆڵە لە ئیسرائیل بکاتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا ڕۆژنامەی نیوۆرک تایمزی ئەمریکی ئاشکرایکرد دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوایکردووە بژاردەی لێدان لە هەندێک ناوەندی ئەتۆمی ئێران بخرێتە بەردەست.

بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەکە کاتێک ترەمپ ئەم داوایەی کردووە بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران و چەند شوێنێکی دیکە، هەندێک لە ڕاوێژکاران و بەرپرسانی ئێستای ئەمریکا هۆشداریانداوەتە ترەمپ کە ئەم کارە دەبێتە پشێوی و کێشەیەکی جێهێڵراو.

بابەتی پێشتر

خه‌مباری و گردبوونه‌وه‌ی هه‌وادارانی دیێگۆ مارادۆنا له‌ ئه‌رجه‌نتین

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) ڕیاڵ مه‌درید هێزی خۆی به‌رانبه‌ر ئینته‌ر نیشاندا و بایرن گه‌یشته‌ 16

بابەتی پەیوەندیدار
Total
8
Share