ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، ئامانج لە هێرشەکانی سەر هەرێم زیانگەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان بۆیە داوای پاراستنیان دەكات، داواش لە میدیاكان دەكات بەرپرسیارانە و پیشەییانە ڕەفتاربکەن و نەبنە سەکۆیەکی بڵاوکردنەوەی دڵەڕاوکێ و تۆقاندن.
ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری پرۆفیسۆر د. کاوان ئیسماعیل ڕاگری کولێجی یاسا و پرۆفیسۆری یاریدەدەر د. ئیدریس حەمەخان مامۆستا لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین کرد و ئاماژەی بەوەدا، وەزارەتی ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی ڕاسپاردووە ڕێکاری پێویست وەربگرن لە بەرامبەر ئەم تاوانە و لە هەمانکاتدا ڕاشسپێردراون بە کۆکردنەوەی چەکی بێمۆڵەت، هەروەها پێویستە دادگاکانیش پەلەبکەن لە ڕێکارە یاسایی و قەزائییەکان بەرامبەر تاوانباران و بەسزا گەیاندنیان، تا تاوانباران ببنە پەند بۆ ئەوانەی بیر لە تاوانی لەم جۆرە دەکەنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوە دواتر سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەند بارەبوونەوەی “هێرشە تیرۆریستییەکان” بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابوریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كرد و ئاماژەی بەوەدا، “ئامانج لەو هێرشانە زیانگەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابوریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجییە گشتییەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن”.
ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیارییەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجی و قەرز و میلاکی وەزیفی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، “بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە” وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی كۆبوونەوەكەدا هاتووە.
داواشی لە حکومەتی فیدڕاڵی و وەزارەتی نەوت كرد “گوشاری ناڕەوایان” بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتیی بواری نەوت و گاز لە هەرێم ڕابگرن و ڕوونیكردەوە، حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێم دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە.
لای خۆیەوە جێگری سەرۆک وەزیران باسی لەوە کرد کە زانیاری تەواویان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتەسەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. وتیشی، “ھێرشەكان كراونەتەسەر پڕۆژەی فراوانكردنی كێڵگەی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستیی هاوڵاتییان”.
ئەنجومەنی وەزیران، لەکاتێکدا جەختی لە گرنگیی هەماهەنگيكردن لەگەڵ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پێدانی زانیاری کردەوە داواشیکرد دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە ڕووماڵکردنی ڕووداوەکاندا بەرپرسیارانە و پیشەییانە ڕەفتاربکەن و لە چێوەی ڕێنمایی و ستانداردەکانی ڕۆژنامەوانیی کاربکەن و نەبنە سەکۆیەک بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ و تۆقاندن و پشێوی و توندوتیژی و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی.
بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ڕوونکردنەوەی پێویست لەبارەی گەڵاڵەکردنی ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2022 کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە، داوای ڕوونکردنەوە لە ئەنجومەنی وەزیران کرابوو.
وەزیری دارایی و ئابوری ئاماژەی بەوەدا بەوپێیەی یاسای بودجەی فیدڕاڵیی کاریگەری دەبێت لەسەر بودجەی هەرێم و ئەمساڵ حکومەتی فیدڕاڵیش تائێستا یاسای بودجەی نییە، ئەمەش وایکردوە کە تائێستا پڕۆژە یاسای بودجەی هەرێم، وەک ڕەشنووس بمێنێتەوە، هەرچەندە لە ڕووی بەشی داهات و خەرجییە گشتیەکانی ناو پڕۆژە بودجە کاری جدیی کراوە، بە تایبەتیش کە تیمێکی هاوبەشی چاودێری دارایی هەرێم و بەغداد بۆ یەکەمجار ئەو خەرجیيانەیان وردبینی کردووە.
لە بڕگەی کۆتاییدا، ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بوو بە دانانی چەند ڕێکار و پێوەرێک لەلایەن وەزارەتەکان لەپێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان. ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا کە پێشنیاری وەزارەتەكە لە چێوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991 مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان ڕاسپێردران دەسەڵاتی خۆیان، کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی برەخسێنرێت.