بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تۆڕی میدیایی ئێستا دراون بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵییەوە بەشێكی دیكە لەو كۆمپانیا نەوتییانەی كە لە هەرێمی كوردستان كار دەكەن گرفتیان بۆ دروستبووە و مەترسی هەیە لە هەرێمی كوردستان كارەكانیان ڕابگرن و بكشێنەوە.
لە زانیارییەكاندا هاتووە، ئەو كۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن دەیانەوێت مامەڵە لەگەڵ لایەنی فەرمی بكەن و بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدراڵیی عێراقەوە فشاریان لەسەر دەكرێت و پێویستە حكومەتی هەرێم بە هەر جۆرێك بێت لەگەڵ بەغداد ڕێكبكەوێت و لە ڕێگەی ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك تایبەت بە كێشەكانی هەرێم و بەغداد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە پەسەندبكرێت و ئەگەر ئێستاش چارەسەر نەبێت لە داهاتوودا هەمان كێشە بەرۆكی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.
ئاماژە بەوەشكراوە، ئەو كۆمپانیا بیانیانە كاتێك كاردەكەن مەترسییان لەسەرە كە سوپای عێراق هەڵكوتێتە سەریان و ئەگەر هەرێم لەگەڵ بەغداد كێشەكە چارەسەر ناكات ئەو مەترسییە هەیە بەشێكی دیكە لە كۆمپانیاكانی كە لە بواری نەوت و غازدا لە هەرێم كاردەكەن بە تایبەت ئەو كۆمپانیانەی سەر بە ئەمریكا و چەند وڵاتیكی دیكەن لە هەرێمی كوردستان بكشێنەوە، بەڵام كۆمپانیاكانی سەر بە توركیان گرفتان نییە و لە كاركردن بەردەوام دەبن.