توركیا بەڵێنی لە سوید و فینلەندا وەرگرت
چەك و پەكەكە داواكاریی سەرەكیی توركیا بوون بۆ هەردوو وڵاتەكە

دوای ئەوەی توركیا ڕەزامەندیی دا بۆ بەئەندامبوونی سوید و فینلەندا لە هاوپەیمانیی ناتۆ، ‏سەرچاوەیەكی ئەمریكی ڕەتیدەكاتەوە واشنتۆن هیچ سازشێكی بۆ توركیا كردبێت بۆ ‏دەستخستنی ڕەزامەندییەكە.‏

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە تورکیا ڕایگەیاند، دوای دانوستان لەگەڵ وڵاتانی سوید و ‏فینلەندا، تورکیا پاڵپشتیی ئەندامبوونیان دەکات لە ناتۆ، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمییدا ‏سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا ئاشکرایکرد، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕەزامەندییداوە ‏لەسەر بوونە ئەندامی هەردوو وڵاتەكە، “ئەوەش لەبەرامبەر هاوکاریی تەواوی سوید و ‏فینلەندا بۆ پرسی پەکەکە و ئەو لایەنانەی تورکیا بە مەترسییان دەزانێت”.‏

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هەریەکە لە سوید و فینلەندا ‏ئامادەییان پیشانداوە بە پابەندبوونی تەواویان بۆ هاوکاریکردنی تورکیا لە ‏ڕووبەڕووبوونەوەی “هێزە كوردییە تیرۆریستەكان” و هەر لایەنێکی دیکەی پەیوەندیدار ‏بەو هێزانەوە، كە مەبەست پەكەكەیە.‏

بەوتەی ئەنقەرە، هەردوو وڵات ئامادەییان پیشانداوە بۆ “قەدەغەکردنی چالاکی و ‏کۆمەکردنی پەکەکە لە وڵاتەكانیاندا”، هەروەها بەڵێنیانداوە بە هەڵگرتنی قەدەغەی پێدانی ‏چەک بە تورکیا، کە لەساڵی 2019وە و دوای هێرشی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوای ‏کوردستان، بڕیاریان لێدابوو.‏

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا دوای ئەو ڕێككەوتنە، وتوویەتی، ‏‏”ئەوەی ویستمان بەدەستمانهێنا”.‏

یەكێكی دیكە لەو وڵاتانەی كە چاوەڕواندەكرا سازشی بۆ توركیا كردبێت بۆ ڕازیبوون بە ‏داواكارییەكانی سوید و فینلەندا، ئەمریكا بوو، بەڵام سەرچاوەیەكی باڵای ئەمریكی ‏ئاشكرایكردووە، توركیا هیچ داوایەكی لە ئەمریكا نەكردووە تا واشنتۆن سازشی بۆ بكات.‏

سەرەڕای لێدوانی ئەو بەرپرسە ئەمریكییە، بەڵام پێدەچێت پرسی فرۆكەی ئێف 16ی ‏ئەمریكی بێتەوە بەرباس، كە ماوەیەكی زۆرە توركیا داوایدەكات و ئەمریكا پێینادات.‏

بە ئەگەرێكی زۆر، ئەمڕۆ لە چوارچێوەی لوتكەی ناتۆ، كە لە مەدریدی ئیسپانیا ‏بەڕێوەدەچێت، بایدن و ئەردۆغان پرسی فڕۆكەی ئێف 16 تاوتوێدەكەن.‏

دوای ئەو پێشهاتانە و ڕەزامەندییەكەی توركیا بۆ بوونەئەندامی سوید و فینلەندا، ‏هاوپەیمانیی ناتۆ ڕایگەیاند، هێزی زیاتر هاوپەیمانێتییەکەیان ڕەوانەی سنوورەکان دەکەن ‏بەرامبەر بە ڕوسیا.‏

یانس ستۆڵتنبێرگ ئەمینداری گشتیی هاوپەیمانیی ناتۆ هەنگاوێكی لەو شێوەیەی ‏هاوپەیمانێتییەكەی ئاشكراكردووە، ڕاشیگەیاندووە، ئەندامبوونی ئەو دوو وڵاتە هێزی ناتۆ ‏زیاتردەکات، “سەرۆک پوتین هێزی زیاتری ناتۆ لەسەر سنوورەکانی دەبینێت”.‏

بابەتی پێشتر

پۆلیسی سلێمانی 10 كەسی بەهۆی شەڕەوە دەستگیركرد

بابەتی دواتر

نیوەی ساڵی 2022 ڕۆیشتووە.. ئەنجومەنی وەزیران بودجەی 2022 تاوتوێدەكات

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هەڵوێستی توركمانەكان و هۆشدارییەكانی پەكەكە.. ڕوونكەرەوەی هێڵە نیشتمانی و نەتەوەییەكان و نمایندەی دەنگدەری كوردستانی

دوو هەڵوێستی جیاواز لە توركیا و پەكەكەوە، لەبارەی پشتگیریكردن لە حزب و لایەنەكانی باشووری كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی…
Total
0
Share