ئەگەرچی بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان یەكێتی و پارتی دەبوو 45 ڕۆژ دوای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دیاریبكرێت، بەڵام زیاتر لە 450 ڕۆژ بەسەر وادەكە تێپەڕیووە و ئەو پرسە یەكلانەكراوەتەوە، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، “پێش ئەوەی حكومەتی بەغداد لێی بەرپرس بێت، ئێمە خۆمان وەك كورد لێی بەرپرسین”.
جەمال شكور، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی تشرینی دووەم بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “یەكلانەكردنەوە و دانەنانی پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك پێش ئەوەی حكومەتی بەغداد لێی بەرپرس بێت، ئێمە خۆمان وەك كورد لێی بەرپرسین، چونكە تائێستا كورد تەوافوقی لەسەر نەكردووە، ئەگەر كورد تەوافوقی هەبوایە ئەو پارێزگارە دانرابوو”.
وتیشی، “هیچ هەوڵێكی تازەش لەو ڕووەوە نییە، ئەگەر ئێستاش هەوڵێكی جدی لەلایەن حكومەتی هەرێم و حزبە كوردستانییەكانەوە هەبوایە و هەبێت ئێستاش دەتوانرێت پارێزگارێكی كورد دابنرێت”.
بەپێی ڕێككەوتنی ساڵی ڕابردووی نێوان یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، دەبوو لەماوەی 45 ڕۆژی پاش دەستبەكاربوونی حكومەت پارێزگاری كەركوك-یش هەڵببژێردرێت.
ڕۆژی 10ی تەمموزی 2019 كابینەی نۆیەم دەستبەكاربوو، بەمەش زیاتر لە 450 ڕۆژ بەسەر تەواوبوونی 45 ڕۆژەكەدا تێپەڕیووە بەبێ ئەوەی ئەو پۆستە لە بەرژەوەندی كورد یەكلایی بكرێتەوە.
جەمال شكور دوپاتیشیكردەوە، “كێشەی یەكەم لەو ڕوەوە لە خۆمانە، بەهۆی ئەوەی بەغداد چاوەڕوانی یەكلاكردنەوەی پاڵێوراوی پۆستەكەیە”.
دەربارەی ئەو دەنگۆیانەش كە دەوترێت بەپێی ڕێككەوتنێكی نێوان عەرەب و توركمانەكان ڕاكان جبوری، پارێزگاری بەوەكالەتی ئێستای كەركوك پۆستەكەی خۆی جێدەهێڵێت و وەك ئەندامی پەرلەمان دەستبەكاردەبێت، جەمال شكور وتی، “من بە ڕێككەوتنی نابینم لەنێوان توركمان و عەرەب، بەڵكو بەوەی دەزانم كە خۆی نایەوێت لەو پۆستەدا بمێنێت بەهۆی ئەوەی مەترسی لەسەرە لەلایەن دەستەی نەزاهەوە بگیرێت”.
ڕوونیشیكردەوە، “ڕاكان جبوری فایلێكی زۆری گەندەڵی لەسەرە و پێشتر سێ ساڵ سزادراوە و هەموو ئەو دۆسیانەی لە دادگایە ڕاكانی تیایە، بەڵام لەبەر ئیعتباری سیاسی و دەستێوەردانی هەندێك لە كوتلە سونییەكان نەگیراوە، لەكاتێكدا دەبوو بگیرایە و سزابدرایە”.
لەدوای ڕوداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 نەجمەدین كەریم، پارێزگاری ئەوكاتی كەركوك شارەكەی بەجێهێشت و بە بڕیارێكی حكومەتی ناوەند ڕاكان جبوری، جێگری ئەوكاتی پارێزگار وەك پارێزگار بەوەكالەتی شارەكە دەستبەكاربوو.