نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان: پیلانێکی خراپ دژی زیندانییانی بادینان هەیە

 

 

نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان ئاشکرایکرد، پیلانێکی خراپ بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی زیندانیکراوی بادینان هەیە ڕاشیگەیاندووە، شێروان شێروانی بەهۆی ئەوەی تێبینیی لەسەر قسەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت هەبووە لە دیداری لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان هەموو مافێکی پەیوەندیکردن بە کەسوکار و پارێزەرانی لێوەگیراوەتەوە.

لە ڕاگەیەندراوی ئەیهان سەعید نوێنەری زیندانیکراوانی بادیناندا کە ئاراستەی ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کردووە هاتووە، دوای ئەوەی ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی، تێبینی و بۆچوونی لەسەر قسەکانی مەسرور بارزانی خستەڕوو و بەرگریی لە خۆی و هاوڕێکانی کرد سەبارەت بەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان، لە کەمتر لە 24 کاتژمێردا سزادرا.

بەپێی وتەی نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان، شێروان شێروانی کۆدی پەیوەندیکردنی لێوەرگیراوەتەوە و پێیوتراوە، “نابێت قسە و پەیوەندی بکەیت”، هەروەها گواستراوەتە هۆڵێک کە ماددە یاساییەکانی بەندکردنیان جیاوازە و ئەوەش پێچەوانەی یاسایە.

دەقی ڕاگەیەندراوی نوێنەری زیندانیکراوانی بادینان:

پیلانێکی قڕێژی دژی زیندانیانی بادینان ھەیە و ھێشتا لەسەر بیرورا سزادەدرێن

بۆ/ ڕای گشتی

بۆ/ لایەنە پەیوەندیدارەکان

 

بۆ ڕای گشتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ئاشکرایە لەژێر سیاسەتی کابینەی نۆیەم بە عەقلیەتێکێ دۆگماتیکی و پۆلیسی ماوەی دوو ساڵە چ زۆڵم و پێشڵکاری یاسایی و مافی مرۆڤ بەرامبەر رۆژنامەنوس و چاڵاکوانانی بادینان کرا و دور لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی بیروڕا، پێچەوانەی پەیماننامە نێودەوڵەتیەکانی مافی مرۆڤ، دەستور و یاسا کارپێکراوەکانی ئێراق و ھەرێمی کوردستان و لەژێر حوکمی دادگایەکی حزبیانە سزادران.

 

بەداخەوە ماوەیەکە ھەست بە پیلانێکی قرێژی – خراپ دەکەین بە تایبەتی دوای ئەوەی رۆژنامەنوس شێروان شێروانی بۆچون و تێبینی خۆی خستەڕوو لەسەر کۆبونەوەی سەرۆکی حکومەت لەگەڵ بەشێک رۆژنامەنوسان و بەرگێری لە خۆی و ھاوڕێکانی کرد دەربارەی ئەو تۆمەتە بێ بنەمایانەی خراونەتە پاڵ، بەداخەوە دوای کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر کاک شێروان سزادرا و لەنێو چاکسازی ھەولێر مافەکانی پێشڵکران و کۆدی پەیوەندیکردن لێ بڕاوە و پێیان وتوە نابێت قسە و پەیوەندی بکەیت، لە ئێستادا گواستویانە ھۆڵێکی دیکە کە بەپێ ڕێنماییەکان پێویستە لەگەڵ ھاوتا ماددە یاساییەکانی خۆی بێت، ھەروەھا لەژێر چاودێری کامێرا و تیمی ناو زیندان دایە، پێویستە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رێگە بە دەستێوەردانی دەزگایەکی ئەمنی نەدات لەناو چاکسازی، ھەروەھا ڕەفتارانەش پێچەوانەی ئەو بەڵێن و درۆشمە بێ کردارانەی سەرۆکی حکومەتن کە لە کۆبونەوەکەدا کردی.

 

پێشتریش لەناو چاکسازیەکان ھەولێر و دھۆک زیندانیانی بادینان لەسەر پەیوەندی تەلەفۆنی و دەربڕینی بۆچونی خۆیان سزادراون، ھەندێک لە کتێبە ئاسایەکان لێ قەدەغەکراون و بێ بەشکراون لە خوێندن و خولی میوزیک و چەند مافێکیان، ھەروەھا پێنچ چالاکوانی شێلادزێ دوای سزادانیان و تەواوکردنی حوکمەکەیان ماوەی زیاتر لە مانگێک لە لایەن ئاسایشی گشتی ھەولێر ڕێگێری لێکرا بگوازرێنەوە بۆ چاکسازیی تا رێکارە یاسایی و ئیداریەکانی تەواو بکرێن و ئازادبکرێن.

 

پرۆسەی گرتن و ڕفاندنی چالاکوان و رۆژنامەنوسانی بادینان ھەر لە یەکەم رۆژا تا ئێستا نایاسای و نا دیموکراسییە، کە دوای ئەم ھەموو نیگەرانی ناوخۆ، نوێنەری وڵاتان لە ھەرێم (کونسۆڵخانەکان) و بەغداد (باڵیوزخانەکان) و رێکخراوە جیھانیەکانی مافی مرۆڤ  چاوەڕێی ئەوە بووین حکومەتی ھەرێم  و بەدیاریکراوی پارتی دیموکراتی کوردستان پێداچونەوویەک لە سیاسەتی خۆیدا بکات دەربارەی پرسی ئازادی بیروڕا و کاری رۆژنامەنوسی و ئاشتەواییەک دروست ببێت، بەڵام بەداخەوە ھێشتا زیندانیانی بادینان سزادەدرێن و ڕێگە بە بەشێک لە رۆژنامەنوسان نادرێن بگەڕێنە زێدی خۆیان و بە بیرکردنەوەیەکی سادیزمانە چێش لەم سەرکوتکاری و ترس و توقاندنە دەبینێت و ھیچ ھەنگاوێکی پراکتیکی نەناوە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە، بەم سیاسەتکردنەش سومعەی ھەرێمەکەمان ناشرینتر دەبێت وئەمەش لە قازانجی ھیچ لایەنێکدا نیە.

 

ئەیھان سەعید – رۆژنامەنوس و نوێنەری زیندانیانی بادینان.

 

 

بابەتی پێشتر

دانیشتووانی ئیمارات هەستیان پێكرد.. بومەلەرزەیەكی بەهێز ئێرانی هەژاند

بابەتی دواتر

سەرکردەکانی جیهان لەبارەی بڕیاری قەدەغەکردنی لەباربردنی منداڵ لە ئەمریکا هاتنەدەنگ

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share