دەستگیركردنی دەیان كەس بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و دروستكردنی قەیرانی بەنزین لەلایەن دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراقەوە ڕاگەیەندرا.
لە ڕاگەیەندراوێكدا كە ئەمڕۆ هەینی بڵاویكردەوە، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، حەوت كەس لە كەركوك و دوو كەس لە بەغداد و ئەنبار و چەند تۆمەتبارێكی تر لە بەسڕە، ئەمڕۆ دەستگیركراون بە تۆمەتی ساختەكاری و بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و دەستكاریكردنی نرخ و دروستكردنی قەیرانی بەنزین.
لەبارەی كاری تۆمەتبارەكانەوە دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڕایگەیاند، بەنزینیان بە قاچاخبردووە و لە كۆگای دوورەدەستدا دایانناوە، كە 15 هەزار لیتر لەو بەنزینە لە حەویجە و ناوچەی سەرچناری شاری كەركوك و پێنج هەزار لیتریش لە ناوچەی عەباسی بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكەی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، یەكێك لە دەستگیركراوەكان 138 كۆبۆنی بەنزینی پێبووە و لە پردێ دەستگیركراوە. سەرجەم ئەو كارانەش كە تۆمەتبارەكان ئەنجامیانداون، هۆكار بوون بۆ دروستكردنی قەیرانی بەنزین.
وەك دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئاشكرایكردووە، دوێنێ 16 كەسی تر بە تۆمەتی بەقاچاخبردنی سووتەمەنی و دروستكردنی قەیرانی بەنزین دەستگیركراون.