ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی لەبارەی كەشوهەوای عێراق-ـەوە، بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما و بەردەوامبوونی خۆڵبارین لە هاوینی ئەمساڵدا و كاریگەرییەكانی لەسەر تەندروستیی مرۆڤ دەخاتەڕوو.
بەپێی بەدواداچوونێكی ئاژانسی فرانس پرێس، خۆڵبارین و بەرزبوونەوەی زیاتری پلەكانی گەرما، سیما دیارەكانی هاوینی ئەمساڵی عێراق دەبن و شارەزایان دەڵێن، ئەمساڵ بەراورد بە هاوینی ڕابردوو كەش گەرمتر دەبێت.
سەیف بەدر وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە ئاژانسەكەی وتووە، ئەمساڵ ژمارەی ئەو كەسانەی گڕە بردوونی زیادیكردووە و پێشبینیكردووە ژمارەیەكی زیاتری ئەو كەسانە ئەمساڵ ببرێنە نەخۆشخانەكان.
هێشتا مانگی حوزەیرانە و سەرەتای هاوینە، كەچی پلەكانی گەرما لە باشووری عێراق لەوانە بەسڕە بۆ 50 پلەی سەدی بەرزبوونەتەوە. ڕاپۆرتە ژینگەییەكە دەڵێت، بەهۆی بوونی ڕووبەرە ئاوییەكان و نزیكییەكەی لە كەنداو، دانیشتووانی بەسڕە بەدەست گرفتێكی دیكەوە دەناڵێنن، ئەویش بەرزیی ڕێژەی شێیە كە هەستكردن بە گەرما و ئارەقكردنەوە زیاتردەكات.
گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیا و ئێران بەهۆی دروستكردنی بەنداوەوە، عێراقی دووچاری كەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ڕووبارەكان و وشكبوونی چەندین ڕووبار و هەردوو دەریاچەی حەمرین و ساوا كردووە، بانكی نێودەوڵەتی پێشبینیدەكات تا ساڵی 2050 عێراق 20%ی ئاوەكانی لەدەستبدات.
كەمبوونەوەی ئاو و وشكبوونی زەوییە شێدارەكانی عێراق، دیاردەی بە بیابانبوونیان زیادكردووە، ئەمەشیان هۆكاری سەرهەڵدانی شەپۆلەكانی خۆڵبارینە بە بەردەوامی، دیاردەیەك كە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و كەمیی كاتەكانی پێدانی كارەبادا، ژیانی عێراقییەكانی سەختكردووە.