سەركردەیەكی پەكەكە ڕایدەگەیەنێت، لەماوەی دوو مانگدا 744 چالاكی دژ بە توركیا ئەنجامدراوە و دەشڵێت، لەڕیزەكانی سوپای توركیادا چەكدارانی داعش و قاعیدە هەن.
دوران کاڵکان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەکەکە) ڕایگەیاند، لە ماوەی دوو مانگدا 744 چالاکی ئەنجامدراون و بەهۆیەوە 985 سەربازی توركیا كوژراون. گەریلا لە بەرانبەر چەکی کیمیایی، چەکی ناوەکی، فڕۆکەی پێشکەوتووی شەڕ، هێلیکۆپتەری شەڕ، فڕۆکەی چاودێریی، تانک و تۆپ و مووشەک بەرخۆدان دەکات.
وتیشی، “لە 15 و 16ی حوزەیراندا لە ئۆپەراسیۆنی تۆڵەسەندنەوەی شۆڕشگێڕییدا 57 سەرباز سزادران، کێ لەنێو ئەو لاشانەدا هەن؟ وادیارە چەكدارانی داعش و قاعیدە لە نێویاندان بۆ ئەوەی نەکەونە دەستی گەریلاوە، تەرمەکانیان پارچە پارچە دەکەن، هێلیکۆپتەرەکانیان کە خراونەتە خوارەوە لەناویان دەبەن”.
“گەورەترین و مانادارترین بەرگری لە مێژوودا هەیە، گرتنی گردێک و دروستکردنی بەربەست مانای هەموو شتێک نییە، گەریلاکان بۆ هەموو شوێنێک دەڕۆن، لەسەر زەوی و لە ژێر زەوی دێن و دەچن” كاڵكان وای وت.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەم شەڕە دوو مانگە نیشانیدەدات گەریلا زاڵە “فاشیزمی ئاکەپە و مەهەپە” کەوتوونەتە ناو دۆخێکی خراپەوە، گەیشتوونەتە ئاستی هەڵهاتن، بەڵام ناتوانن هەڵبێن.